5 گەنجی کورد لەڕێگەی چوون بۆ ئەوروپا لە لیبیا دەستگیرکران؛ تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 20 ساڵە
رووداو دیجیتاڵ
پێنج گەنجی کورد کە ویستوویانە بچنە ئەوروپا، لە لیبیا دەستگیرکران. یەکێک لە گەنجەکان ئازادکراوە، بەڵام هێشتا لە تەرابلووسی پایتەختی لیبیایە و نەگەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان. باوکی گەنجێکی دەستگیرکراویش دەڵێت، "داوا دەکەین لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکارمان بن لە ئازادکردنیان."
گەنجەکان تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 20 ساڵە و خەڵکی کۆیە، شارەزوور، سەیدسادق و پیرەمەگروونن. ئەو گەنجەی کە ئازاد کراوە دەڵێت، لەگەڵ قاچاخچییەک رێککەوتن کە بیانگەیێنێتە ئیتاڵیا، بەڵام پێش ئەوەی بگەن، لە نێو دەریا لەلایەن پۆلیسی لیبیا دەستگیرکران.
بە گوتەی ئەو گەنجە، 41 کەس لەنێو ئەو بەلەمە بوون کاتێک دەستگیرکران، پێنجیان کورد، حەوتیان سووریایی و ئەوانی دیکەیش بەنگلادیشی و ئەفریقی بوون.
سەرهەنگ جەنگی، گەنجە ئازادکراوەکەیە و خەڵکی شاری کۆیەیە، تەمەنی 18 ساڵە و لە یەکێک لە هۆتێلەکانی تەرابلووسەوە بە رووداوی گوت، قاچاخچییەکە هەموو شتێکی بۆ رێکخستبوون، شەوی 01-12-2023، بە فڕۆکە لە بەغداوە چوونە میسر، 24 کاژێر لەوێ ماونەتەوە و دواتر چوونەتە بنغازی لە لیبیا. دەشڵێت، "دوای ئەوە بە ئۆتۆمبێلێک ئێمەیان برد بۆ زوارە".
"25 رۆژ لەنێو خانوویەک ماینەوە"
ئەو گەنجە بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەیان و دەڵێت، 25 رۆژ لەنێو خانوویەک لە زوارە ماونەتەوە، کە نزیکە لە کەناراوەکانی نێوان لیبیا و ئیتاڵیا.
باس لەوە دەکات کە 10 رۆژی یەکەم هێڵی ئینتەرنێتیان نەبووە و ئاگاداری هیچ هەواڵێک نەبوون، بۆیە ترساون، دوای 10 رۆژ ئینجا ئینتەرنێتیان بۆ براوە و کەسێکیش بەردەوام خواردنی بۆ بردوون، بەڵام دەموچاوی داپۆشرابوو.
سەرهەنگ دەڵێت، رۆژی 01-01-2024، کاژێر 07:00ی بەیانی بەڕێکەوتن. ئەو بەمشێوەیە چیرۆکەکەی باسکرد: بەلەمەلە کەمێک دوور بوو لە کەنار دەیا، بەپێ رۆیشتین و هەموو جلەکانمان تەڕبوون، دواتر چووینە نێو بەلەمەکە و بەڕێکەوتین، هێشتا دونیا تاریک بوو، بەڵام دوای چەند خوولەکێک بەلەمێکی پۆلیس لێمان نزیکبووەوە و ئێمەی راگرت، دواتر ئێمەیان گواستەوە و دەستگیرکراین.
"کاتێک زانییان عێراقین، زۆر رێزیان لێگرتین"
ئەو پێنج گەنجە کوردە لەگەڵ حەوت سووریایی و 29 بەنگلادیش و ئەفریقی کە لەنێو بەلەمەکەدا بوون، بەیەکەوە دەستگیرکران. سەرهەنگ دەڵێت، "لەنێو هاوڕێکانم تەنیا من کەمێک زمانی عەرەبیم دەزانی، کاتێک گواستراینەوە، پۆلیس هاتنە لامان و گوتیان 'خەڵکی کوێن؟'، منیش گوتم عێراقین. دوای ئەمە زۆر رێزیان لێگرتین و چەند پرسیارێکی دیکەیشی کرد و وەڵامم دایەوە، دواتر لەگەڵ سوورییەکان قسەی کرد، بانگی من و کەسێکی سووری کرد و گوتی ئێوە بڕۆن ئازادن. ئیدی چووینە تەرابلووس."
بە گوتەی سەرهەنگ، لە دوای ئەوەی دەستگیرکران، پەیوەندییان بە قاچاخچییەوە نەماوە کە "خەڵکی دووکانە و لە تورکیا نیشتەجێیە."
ناسنامە و ناوی گەنجەکان :
- (م، ع، س) تەمەن 20 ساڵ و دانیشتووی شارەزوور
- (د، ع، ک) تەمەن 16 ساڵ و دانیشتووی سەید سادق
- (ئـ، ق، پ) تەمەن 20 ساڵ و دانیشتووی پیرەمەگروون
- (ک، ئـ، ج) تەمەنی 18 ساڵە و خەڵکی کۆیەیە
- سەرهەنگ جەنگی؛ تەمەن 18 ساڵ و خەڵکی کۆیەیە (ئازاد کراوە)
باوکی ئەرکان داوا دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکاریان بن لە ئازادکردنی کوڕەکەی و ئەو گەنجەکانی دیکە کە 11 رۆژە لە لیبیا دەستگیر کراون.
قادر حاجی پیرۆت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کوڕەکەی بە رەزامەندیی ئەوان و بەهۆی نەبوونی کارەوە بڕیاری کۆچکردنی داوە، بۆیە لەگەڵ قاچاخچییەک رێککەوتبوون و بڕیار بوو بە 13 هەزار دۆلار بیانگەیێنێتە ئیتاڵیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، بەڵام پێش گەیشتن بە ئیتاڵیا، لەنێو دەریا دەستگیر کران.
لەوکاتەوە دەستگیر کراون، قادر حاجی پیرۆت هیچ هەواڵێکی کوڕەکەی نازانێت و داوا دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکاریان بن لە دۆزینەوە و ئازادکردنی ئەو گەنجانە.
بەگوتەی باوکی ئەرکان، کوڕەکەی و گەنجە دەستگیرکراوەکانی دیکە پێشتر یەکدییان نەناسیوە و لەو رێگەیەدا بوونەتە هاوڕێ.