لە ورمێ 12 کەس بە رووداوێکی هاتووچۆ بریندار بوون

11-01-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی وەڕگەڕانی مینی پاسێک لەسەر رێگەی شارەکانی تیکاب-شاهیندژ لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، 12 کەس بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی کانوونی دووەمی 2024، محەمەد سەعید ئومیدی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی تیکاب رایگەیاند، "رووداوەکە بەیانیی ئەمڕۆ لە سێڕێیانی باشبەرات و نزیک گوندی تەرمکچی لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان شارەکانی تیکاب-شاهیندژ روویداوە و بەهۆیەوە 12 سەرنشینی پاسەکە بریندار بوون."
 
محەمەدسەعید ئومیدی گوتی، "دوای ئەوەی لە رووداوەکە ئاگادارکراینەوە، دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتنمان بە 6 ئامبولانسەوە ناردەوە شوێنەکە و دوای فریاگوزاری خێرا، بریندارەکان گوازرانەوە نەخۆشخانەی شاری تیکاب."
 
سەبارەت بە تەندروستیی بریندارەکان، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی تیکاب بەشێک لە بریندارەکان تەندروستییان ناجێگیرە.
 
لە لایەکی دیکەوە، دوێنی چوارشەممە لە رووداوێکی دیکەی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی نێوان شارەکانی مهاباد-سەردەشت و لە نزیکی گوندی بێتاس، 11 کەس بریندار بوون.
 
کەمال ئاهمەند، بەرپرسی فریاکەوتنی مهاباد رایگەیاند، رووداوەکە لە نێوان مینی پاسێکی گواستنەوەی قوتابیانی کچ و ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا روویداوە و بە هۆیەوە 11 قوتابی بریندار بوون.
 
ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستدەدەن. 
 
رەحیم جەهانبەخش، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ رۆژی 20-11-2023 رایگەیاندبوو، بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لە هەشت مانگی ئەو ساڵەدا 480 کەس لە سنووری ئەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە، کە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی رابردوودا ژمارەکە زیادیکردووە. 
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ، پار لە سنووری ئەو پارێزگایە 587 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدابوو. 
 
هەروەها حوجەت موشتاق، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای ورمێش هەمان رۆژ رایگەیاندبوو، 90 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆی نێو شارەکانی ئەو پارێزگایەدا گیانیان لەدەستداوە و 5 هەزار و 139 کەسیش بریندار بوون، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو  50٪ زیادی کردووە.
 
لە لایەکی دیکەوە، کەمال هادیانفەر، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رۆژی 26-11-2023، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاندبوو، لە سەرەتای نەورۆزی 2023وە تاوەکو مانگی 21ی تشرینی دووەمی 2023 زیاتر لە 12 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 300 هەزار کەسیش بریندار بوون، کە ژمارەی قوربانیان بەراورد بە ساڵی پێشتر 7.3٪ زیادیکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە