سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ورمێ بە 20 ساڵ زیندانیکردن سزادرا

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، دادگە بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەی گەندەڵیی شارەوانیی ورمێ داوە بەوەی، محەمەد حەزرەتپوور، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی شارەکە تاوەکو 20 ساڵ زیندانی بکرێت و بۆ هەتاهەتایی لە ئەرکی حکومی دووربخرێتەوە.
 
ناسر عەتەباتی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ورمێ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، جگە لەو سزایانە، هاوکات محەممەد حەزرەتپوور بە گەڕاندنەوەی ماڵ و موڵک و ئەو پارەیەی لە رێگەی بەرتیل و گەندەڵییەوە دەستی کەوتووە، سزادراوە.
 
ناسر عەتەباتی گوتی، سەرۆکی پێشووی شارەوانی ورمێ بە تۆمەتی گەندەڵی، وەرگرتنی بەرتیل، بەهەدەردانی ماڵ و موڵکی شارەوانیی شارەکە، خراپ بەکارهێنانی پۆستەکەی و رێگەگرتن لە جێبەجێکردنی یاساکانی وڵات، ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندراوە.
 
جگە لە سەرۆکی شارەوانی شاری ورمێ، لە چوارچێوەی دۆسیەی گەندەڵیی شارەوانیی شارەکەدا، 80 کەسی دیکە لە بەڕێوەبەران و کارمەندانی شارەوانی و هەروەها پێنج کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەکە لە کۆتایی ساڵی 2020دا دەستگیر کرابوون.
 
بەگوتەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ورمێ، تۆمەتبارانی دیکەی دۆسیەکە بەپێی ئاستی بەشدارییان لە گەندەڵییەکاندا بە زیندانیکردن، دوورخستنەوە لە کار و پۆستە حکومییەکان، سزای دارایی و هەروەها گەڕاندنەوەی ماڵ و موڵک بۆ حکومەت سزادراون.