وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان: عێراق 8 ملیۆن لیتر نەوتی ناردووە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو رۆژی سێشەممە، 9ـی کانوونی دووەم، 219 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر ماڵاندا دابەشکراوە و رێژەی ئەو خێزانانەی لە پێدانی نەوت سوودمەندبوون 85٪ بووە، دەشڵێت، تاوەکو ئەو رۆژە عێراق زیاتر لە هەشت ملیۆن لیتر نەوتی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.

رۆژی چوارشەممە، 10-1-2024، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئامارەکانی تایبەت بە پێدانی نەوت بە هاونیشتمانییان و دابەشکردنی بەنزینی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە تاوەکو رۆژی 9-1-2024، نزیکەی 219 ملیۆن لیتر نەوتی هەرێمی کوردستان بەسەر هاووڵاتییان دابەشکراوە، کە بەمشێوەیە بووە:
 
- هەولێر: زیاتر لە 93 ملیۆن لیتر 
- سلێمانی: نزیکەی 80 ملیۆن لیتر 
- دهۆک: زیاتر لە 46 ملیۆن
 
بە گوێرەی وەزارەتەکە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک خێزان لە وەرگرتنی نەوت سوودمەند بوون، کە دەکاتە رێژەی زیاتر لە  85%ـی کۆی ژمارەی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان، رێژەی سوودمەندبوونیش بەپێی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە بووە:
 
- پارێزگای هەولێر: زیاتر لە 97% 
- پارێزگای سلێمانی: زیاتر لە 75% 
- دهۆک: نزیکەی 83%
 
سەبارەت بە دابەشکردنی ئەو نەوتەشی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەنێردرێت، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوەداوە، تاوەکو رۆژی سێشەممە، 9-1-2024، عێراق زیاتر لە هەشت ملیۆن لیتر نەوتی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، کە بەمشێوەیە بووە:
 
- پارێزگای هەولێر: نزیکەی 4.5 ملیۆن لیتر 
- پارێزگای سلێمانی: زیاتر لە ملیۆنێک لیتر 
- پارێزگای دهۆک: نزیکەی سێ ملیۆن لیتر
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ئاماژەی بە دابەشکردنی بەنزینیش دەکات دەڵێت، "لە رۆژی 9-1-2024 نزیکەی 1.3 ملیۆن لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەردوو پاڵاوتگەی لاناز و کار دابینکراوە بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەشکراون:
- پارێزگای هەولێر: 648 هەزار لیتر 
- پارێزگای سلێمانی: 324 هەزار لیتر 
- پارێزگای دهۆک: 360 هەزار لیتر  
 
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە دابەشکردنی نەوت لە ناوچەشاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە 200 لیتر بێت، 104 هەزار دینار لە هاونیشتمانییان وەردەگرێت، کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.
 
رۆژی چوارشەممە، 20-12-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و تێیدا ژمارەیەک بڕیار و راسپاردە دەرکران.
 
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی عێراق هاتووە، "بۆ پشتیوانیکردنی هاووڵاتییانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری ژمارە (230333 ق) پەسندکرا، کە بریتییە لە دابەزاندنی بەهای بەرهەمی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ببێتە 250 دینار بۆ هەر لیترێک لەبری 500 دینار بۆ هەر لیترێک، کە بەهای پێشووی بوو. ئەمەش بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوام دەبێت لە رۆژی 1ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023ەوە."