نرخی هێلکە لە هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی دەڵێت: "بەهۆی ئەو گۆڕانکارییەی لە بەهای دۆلار و دینار دروستبووە و هەروەها بەهۆی گرانی ئالیکەوە، نرخی کارتۆنێک هێلکە لە 65 هەزار دینارەوە بۆ 71 هەزار دینار بەرزبووەتەوە." بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "لە هەولێر نرخی هێلکە بە 75 هەزار دینارە، بەڵام ئەو بەرزبوونەوەیە کاتییە." 
 
رۆژی چوارشەممە 11-1-2023، سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا نرخی کارتۆنێک هێلکە لە سلێمانی بە 71 هەزار دینارە، لە کاتێکدا پێشتر بە 65 هەزار دینار بوو."
 
کارتۆنێک هێلکە 12 تەبەق هێلکەی تێدایە. بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی هێلکە گوتی: "بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە ئالیک گرانە. بەشێکی دیکەش پەیوەندی بە ناجێگیری بەهای دۆلار و دینارەوە هەیە."
 
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "لە هەولێریش نرخی هێلکە بەرزبووەتەوە و نرخی کارتۆنێک هێلکە 75 هەزار دینارە، بەڵام ئەم بەرزبوونەوەیە کاتییە."
 
لەبارەی هۆکاری بەزربوونەوەی نرخی هێلکە، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "ئەو گۆڕانکارییە بەسەر نرخی دۆلار و دینار هاتووە یەکێکە لە هۆکارەکان، چونکە هێلکە و مریشک بە دینار دەفرۆشرێن، هاوکات ئالیک گران بوون. پێشتر تۆنێک ئالیکی مریشک لە 100 دۆلار کەمتر بوو، بەڵام ئێستا بووەتە 480 دۆلار."
 
فیراس سدیق گوتیشی: "گرانبوونی نرخی هێلکە جیهانییە و تەنیا پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە."
 
لە هەرێمی کوردستان 33 پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن؛ 15 پرۆژە لە سنووری پارێزگای هەولێرن؛ 11 پرۆژە لە سلێمانی؛ 5 پرۆژە لە دهۆک و دوو پرۆژەش لە گەرمیان.