لەسەر 'فول لایت' گەنجێک لە قەڵادزێ بە چەقۆ بریندار دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕێن دەڵێت، ئەمشەو بریندارێک گەیێندرایە نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ کە شوێنەواری دوو چەقۆ بە جەستەیەوە بووە و "لەسەر فول لایت بریندار کراوە."
 
ئەمشەو چوارشەممە، 11-01-2023، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لە بارەی رووداوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، گەنجێک بە ناوی (هـ، م، ح) لەدایکبووی 2002 کە دانیشتووی قەڵادزێیە و کاسبە، بە برینداری گەیێندرایە نەخۆشخانەی گشتیی شارەکە.
 
پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، بە گوتەی بریندارەکە، "لە گەڕەکی راپەڕین لەسەر فول لایت کەسێک بە چەقۆ هێرشی کردووەتەسەر و بە سەختی برینداری کردووە و لە لایەن دوو هاوڕێی گەیێندراوەتە نەخۆشخانە".
 
بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، (هـ، م، ح) رەوانەی سلێمانی کراوە. 
 
دوای رووداوەکە پۆلیسی راپەڕین تۆمەتبارەکەی دەستگیرکردووە و دەڵێت، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.