بەشێک لە نوێنەرانی عەرەب و تورکمان هەوڵی رێگری لە تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی کەرکووک دەدەن

11-01-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
دیمەنێکی گشتیی کەرکووک
دیمەنێکی گشتیی کەرکووک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق بڕیاری داوە خانووە زێدەڕۆکانی کەرکووک تاپۆ بکرێن. شارەوانیی کەرکووک راسپێردراوە مامەڵەی هاووڵاتییان وەربگرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی کورد سوودمەندترینی بڕیارەکەیە، بەشێک لە نوێنەرانی عەرەب و تورکمان هەوڵی رێگری لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەدەن.
 
مام ستار ساڵانێکی زۆر ژیانی لە ئاوارەییدا بەڕێکردووە و لە 2003 گەڕاوەتەوە کەرکووک و لە گەڕەکی پەنجا عەلی خانووی زێدەڕۆی دروستکردووە، کاتێک هەواڵی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی بیست، بەیانیی زوو چووە کەرتی سێی شارەوانیی کەرکووک بۆئەوەی مامەڵەکەی پێشکێش بکات.
 
ستار سەعید، دانیشتووی گەڕەکی پەنجا عەلییە و بە رووداوی گوت، "خانووەکەم 200 مەترە، بەڵام تەواو نەبووە و بۆم تەواو ناکرێت. دڵەڕاوکێمان بوو تائێستا ئایا بەیانی دەیڕوخێنن دوو بەیانی دەیڕوخێنن. ببنە تاپۆ دڵنیا دەبین."
 
مامەڵەکانی تاپۆکردنی خانووی گەڕەکە بێ تاپۆکان لە شەش کەرتی شارەوانیی کەرکووک وەردەگیرێن. داواکار پێویستە فۆرمێک پڕبکاتەوە و کۆپی زانیارییە کەسییەکانی لەگەڵدابێت.
 
سامان رەئووف، بەرپرسی کەرتی 3ـی شارەوانیی کەرکووک گوتی، "ئەوەی لەسەر هاونیشتمانییانە ئەوەیە کە ئەو نووسراوە پڕبکەنەوە کە لە پەیجی فەرمیی شارەوانی دامانناوە، لەگەڵ بەڵگەنامەی کارتی نیشتمانی و کارتی نیشتەجێبوون و فۆرمی خۆراک."
 
تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ بەپێی بڕیاری 320ـی ساڵی 2022ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە. حکومەت لە رێگەی شارەوانییەکانەوە کارەکانی خەڵک رایی دەکات. خەڵکیش دەبێت پارە بدات کە بەپێی هەڵکەوتەی زەویی خانووەکە و جوگرافیاکەی، لیژنەیەک ئەو بڕە پارەیە دیاری دەکات.
 
فەرەیدوون زەنگەنە، سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک باس لەوە دەکات، "نزیکەی 10 گەڕەکی سەرەکیمان هەیە، حەوت گەڕەکی کوردییە، دانەیەکی عەرەبییە و دووانی تورکمانییە. لیژنە هەیە لە شارەوانی کە خەمڵاندن دەکەن و کۆبوونەوە دەکەین، ئەوەی گرنگە خەڵک مامەڵەکەی پێشکەش بکات."
 
بەپێی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق، هەموو خانوویەک دەکرێتە تاپۆ، ئەگەر زێدەڕۆی لە دیزاینی گەڕەکەکان نەکردبێت و لەسەر بۆریی نەوت و غاز دروستنەکرابێت.
 
لە کەرکووک بە نزیکەیی 70 هەزار خانووی بێ تاپۆ هەن، کورد سوودمەندی یەکەمە لەو هەنگاوەدا، بۆیە بەشێک لە نوێنەرانی عەرەب و تورکمان هەوڵی رێگری لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەدەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە