لە هەرێمی کوردستان چوار وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا دەکرێنەوە


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چوار وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی پاک دادەمەزرێنێت کە بە هەر چواریان توانای بەرهەمهێنانی 300 مێگاوات کارەبایان هەیە.
 
بەڕێوەبەرانی کارەبای سۆران، راپەڕین و گەرمیان دەڵێن، زەوی بۆ پڕۆژەکان دابینکراوە، بەڵام دیار نییە کۆمپانیا کەی دەستبەکاردەبێت و وێستگەکان دەکرێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 10-1-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان هەنگاو دەنێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی پاک، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاری دامەزراندنی چوار وێستگە لە زاخۆ، سۆران، گەرمیان و راپەڕین دراوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 11-1-2023، عەلی محەممەد عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو وێستگەیە لە قەڵادزێیە و زەویی پێویستی بۆ تەرخانکراوە، رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 50 مێگاوات کارەبای هەیە و دەکرێت زیاتریش دابین بکات، ئەگەر وەزارەت داوای بکات تاوەکو 100 بۆ 200 مێگاوات کارەبا دابین دەکات."
 
عەلی محەممەد عەلی گوتیشی: "ئەو وێستگەیە بە تەکنیکێکی نوێ و لە رێگەی وزەی نوێبووەوە کارەبا دابین دەکات."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری کارەبای راپەڕین: "ئەو وێستگەیە دراوەتە کۆمپانیایەک و ئێستا کۆمپانیاکە لە قۆناخی دیزاین و تێستدایە، بۆیە دیار نییە کەی دەستبەکاردەبن." 
 
رۆژی چوارشەممە، 11-1-2023، فەیسەڵ حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو وێستگە نوێیەی کە لە رێگەی وزەی پاک کارەبا دابین دەکات لە مانگی ئاداری 2021ـەوە بەردی بناخەی دانراوە و زەویی بۆ پڕۆژەکە دابین کراوە."
 
سەبارەت بە توانای وێستگە نوێیەکە، بەڕێوەبەری کارەبای سۆران گوتی: "وێستگەکە رۆژانە 100 مێگاوات کارەبا دابیندەکات و لە رێگەی وزەی شاراوە واتا لە رێگەی ئاوەوە کارەبا بەرهەمدەهێنێت، ئەوەش تەکنیکێکی نوێیە لە هەرێمی کوردستان و سووتەمەنی ناوێت تەنیا کۆگەیەکی ئاوی پێویستە."
 
لە گەرمیانیش زەوی بۆ پڕۆژەکە دابین کراوە، بەڵام ئەو کۆمپانیایەی وێستگەکە بنیات دەنێت، دیار نییە کەی دەستبەکار دەبێت؟
 
رۆژی چوارشەممە، 11-1-2023، حازم کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نازانین کۆمپانیاکە چین و کێن و کەی کار دەکەن، وەزارەتی کارەبا بۆ خۆی سەرپەرشتیی ئەو وێستگەیە دەکات." گوتیشی، وێستگەکە لە ناحیەی باوەنوورە و رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 50 مێگاوات کارەبای هەیە.
 
بەڕێوەبەری کارەبای زاخۆ: زەویی پڕۆژەکە ئامادەیە
 
ئەنوەر کربێت، بەڕێوەبەری کارەبای زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەش مانگ زیاترە زەوی بۆ ئەو وێستگەیە دابینکراوە، بەڵام تائێستا کۆمپانیا دەستی بە کارکردنی نەکردووە و پڕۆژەکە وەزارەتی کارەبا سەرپەرشتی دەکات."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری کارەبای زاخۆ: "ئەو وێستگەیە کارۆئاویی نییە، ناوی ویستگەی هایدرۆپڵاسە و تەکنیکێکی نوێیە و لە کەم وڵاتی جیهان هەیە، راستە ئاوی دەوێت، بەڵام تەنیا یەکجار بۆ کارکردنی ئاوی تێدەکرێت و دەمێنێتەوە". گوتیشی کە وێستگەکە رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات کارەبای هەیە.