سەرۆکی گشتیی هوداپار: داوا دەکەین زمانی کوردی بکرێتە دووەم زمانی پەروەردەیی تورکیا


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی گشتیی هوداپار چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا بە گرنگ ناودەبات و دەڵێت، دەکرێت "ئۆتۆنۆمی، فیدراڵی و جیابوونەوە" بخرێنە بەردەم گەل و دەرفەت بدرێت خەڵک بڕیار لەسەر ئەوە بدات کام بژاردە بۆ کوردی باکووری کوردستان گونجاوە. زەکەریا یاپیجیئۆغڵو ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت هەموو کەس ئازاد بێت لە باکووری کوردستان و تورکیا بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێت و دەشڵێت، ئەوان دەیانەوێت زمانی کوردی ببێتە دووەم زمانی پەروەردەیی لە تورکیادا. 
 
کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی و فراکسیۆنەکان
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی هوداپار ئەمڕۆ سێشەممە 11-1-2022 لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 15:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند: "لە راستیدا من داوای دیدارێکم کردبوو و جەنابی سەرۆک بارزانی داواکەی قبووڵکرد؛ بە گشتی باسی سیاسەتی تورکیا و عێراق و کوردستانمان کرد؛ گفتوگۆی ئەو بابەتانەمان کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی جەنابی سەرۆکمان دایەوە، هەروەها ئەویش وەڵامی چەند پرسیارێکی ئێمەی دایەوە".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا زەکەریا یاپیجیئۆغڵۆ رایگەیاند، "سەردانی مەکتەبی سیاسیی پارتیشمان کرد. لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی کۆبووینەوە. سەردانی پەرلەمانمان کرد و دیدارمان لەگەڵ هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەبوو. لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتووش کۆبووینەوە".
 
سەرۆکی هوداپار رایگەیاند کە دەیانویست لەگەڵ پیکهاتەکانیش کۆببنەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوان ئامادە نەبوون و شاندی هوداپاریش دەرفەتی زیاتری نەبوو، کۆبوونەوەکە نەکرا؛ هیواشی خواست پەیوەندییەکانی پارتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان باشتر ببن.
 
پرسی کورد لە تورکیا 
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو لەبارەی هەڵوێست و بۆچوونی پارتەکەی بەرامبەر پرسی کورد رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی هەندێک پرس، پێویستە دەستوور بگۆڕدرێت؛ هەروەها هەندێک پرسی دیکە پێویستیان بە گۆڕانکارییە لە بەندە یاساییەکان و هەندێک پرسی دیکەش هەن کە پێویستە هەنگاوی کارگێڕییان بۆ بنرێت.
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا هوداپار ئۆتۆنۆمی، فیدراڵی یان جیابوونەوە بە باش دەزانێت بۆ باکووری کوردستان؟ یاپیجیئۆغڵو گوتی، "ئێمە دەڵێین با هەریەک لە بابەتەکانی ئۆتۆنۆمی، فیدراڵی و جیابوونەوەش بە روون و ئاشکرا بخرێنە بەر باس و گفتوگۆ. ئەوکات گەل چی گوت با ئەوە بێت. ئێمە دەڵێین ئەگەر کوردیش بەشداربووە لە دامەزراندنی کۆماری تورکیا، با لە دەستووردا پێناسەی هەبێت، چونکە کورد و تورک بەیەکەوە ئەو کۆمارەیان دامەزراند. هەربۆیە پێویستە ناسنامەی کورد بە شێوەیەکی دەستووری بناسێندرێت".
 
خوێندن بە زمانی کوردی
 
سەرۆکی گشتیی هوداپار باسی لە خوێندن بە زمانی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا کرد و گوتی، "لەبارەی خوێندن بە زمانی کوردی، ئێمە دەمانەوێت هەمووان ئازاد بن لەوەی بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن؛ هەروەها دەمانەوێت زمانی کوردی ببێتە زمانی دووەمی پەروەردەیی تورکیا. لێرەدا ئاستەنگی دەستووری هەیە، چونکە بەپێی دەستووری تورکیا، جگە لە زمانی تورکی نابێت هیچ زمانێکی دیکە لە پەروەردە بەکاربهێندرێت. ئێستا دەڵێن وانەی بژاردە بۆ کوردی، بەڵام ئێمە دەڵێین با هەموو وانەکان، واتا فیزیا و جوگرافیا و وانەکانی دیکە بە زمانی کوردی بن بۆئەوەی بتوانرێت بە زمانی دایک پەروەردەی منداڵەکان بکرێت".
 
بەکارهێنانی وشەی کوردستان 
 
لە تورکیادا وشەی کوردستان هەمیشە بە شێوازی جیاواز لە ژێر سانسۆردا بووە و قەدەخەی لەسەر بووە، تەنانەت لە ماوەی رابردوودا چەند کەسێک دەستگیرکران و کێشەیان بۆ دروستبوو لەسەر گوتنی کوردستان.
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو لەمبارەیەوە گوتی، "کوردستان ناوی ئەو جوگرافیایە و پێشتریش هەر کوردستان بووە. بەم دواییانە کەسانێک نکۆڵییان دەکرد و دەیانگوت کوردستان کوێیە؟ چەند ساڵێک لەمەوبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان لە نێو پەرلەمانی تورکیادا گوتی (ئەوانەی نازانن کوردستان کوێیە، ئەوان زانیارییان لەبارەی مێژووی خۆیان نییە و با بڕۆن یەکەمین پرۆتۆکۆڵەکانی پەرلەمان بخوێننەوە و ئینجا دەزانن کوردستان لەکوێیە). بەداخەوە دوای تێکچوونی پڕۆسەی چارەسەری لە ساڵی 2015-2016 هەنگاو بە هەنگاو وشەی کوردستان وەک بڵێی قەدەخەکرا، کەسانێکیش لەسەر ئەو وشەیە دەستگیرکران. ئەگەر بەمجۆرە بەردەوامبێت لەوانەیە بڵێن کوردیش نییە. بەڵام ئێستا پێویستە پێش لەمە بگیرێت".
 
سەرۆکی هوداپار لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا رایگەیاند، هێشتا دیار نییە کە هەڵبژاردنی داهاتوو لە حوزەیرانی 2023 بەڕێوەدەچێت یان تورکیا دەچێتە هەڵبژاردنی پێشوەخت. هەروەها ئامادەیی هوداپاری بۆ هەڵبژاردن دووپاتکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا پارتەکەی هیچ بڕیارێکی لەبارەی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتەکانی دیکە نەداوە. 
 
هوداپار و پرسی کورد
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو لەبارەی پێناسەی پارتەکەیان گوتی، "37 کەس لە سەرکردایەتیی پارتەکەمان هەن کە یەک عەرەب و یەک تورکی تێدایە؛ ئەوانی دیکە کوردن. ئێمە پارتێکی ئیسلامین و زیاتر خەباتی ئێمە لە کوردستانی تورکیایە. کێشەی کورد لای ئێمە کێشەیەکی زۆر گرنگە و دەبێت چارەسەر بکرێت. من وای دەبینم ئەمە تەنیا کێشەی کورد نییە، بەڵکو کێشەی هەموو ئوممەتی ئیسلامە. پێویستە ئوممەتی ئیسلامی لە نێوخۆدا ئەم کێشەیە چارەسەر بکات. موسڵمان برایەتییان لە نێواندا هەیە، کەواتە مافی برایەتیش هەیە".
 
هوداپار لە راگەیێندراوێکدا پێشنیازی سێ وانەی بژاردەی بۆ قوتابییانی کورد کردووە و باسی لە وانەیەکی عەرەبیش کردووە. لەمبارەیەوە یاپیجیئۆغڵو گوتی، "لە تورکیا ژمارەیەکی زۆر عەرەبیش هەن. راستە زمانی عەرەبی لە وڵاتانی عەرەبی لە ژێر گوشاردا نییە، بەڵام لە تورکیا بەشێک لەو عەرەبانە زمانی خۆیانیان لەبیرچووەتەوە. جا ئەگەر ئەمە مافێکە با مافی ئەوانیش بێت. جگە لەوە زمانی عەرەبی زمانی قورئان پیرۆزیشە".
 
هوداپار کە (پارتی رێبازی ئازاد) ناوە تەواوەکەیەتی، 19-12-2012 دامەزراوە. پارتێکی ئیسلامیی کوردییە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تورکیادا لە ساڵی 2018 لە باکووری کوردستان و تورکیادا 157 هەزار و 324 دەنگی بەدەستهێنا کە دەکاتە رێژەی 0.31٪ی دەنگەکان و نەیتوانی هیچ کورسییەکی پەرلەمان بەدەستبهێنێت. 
 
هوداپار زۆرترین دەنگی لە پارێزگای چەولیک بەدەستهێنا کە 4.48٪ی دەنگەکانی ئەو پارێزگایە بوو. هەروەها کەمترین دەنگی لە ئامەد بوو؛ هوداپار لە ئامەد هیچ دەنگێکی بەدەستنەهێنا.