رووداو دیجیتاڵ
دیوانی باڵای دادوەریی ئێران حکومی دادی بەرایی بۆ سزادان برومەند نەجەفی، ژینگەپارێزی خەڵکی کرماشان پەسندکرد و رایگەیاند، ئەو هاوینی ساڵی 2020 لە شەڕێکدا راوچییەکی تەمەن 23 ساڵی کوشتووە.
جەمشید موحیبەت خانی، فەرماندەی یەکینەی پاراستنی ژینگەی ئێران رۆژی سێشەممە 11-01-2022 رایگەیاند، سەرەڕای هەوڵی پارێزەرەکانی برومەند نەجەفی، دیوانی باڵای وڵات حوکمی دادگەی بەرایی پەسندکردووە.
جەمشید موحیبەت خانی، هیوای خواستووە، بە هەوڵی سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، جێگری سەرۆککۆمار و سەرۆکی دەزگای دادی ئێران، بە سەرنجدان بە ئەرکی ژینگەپارێزان، بوار بۆ پێداچوونەوە بەو حوکمەدا بڕەخسێت و بەمجۆرە ئاسایش، پیشە و چالاکیی ژینگەپارێزەکان دابین ببێت.
پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان رۆژی 14-11-2021 بڵاویکردەوە، یەکێک لە ژینگەپارێزەکانیان بە تۆمەتی کوشتنی راوچییەک گرتووە و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە، حوکمەکەش بە دادگەی تاوانەکانی کرماشان راگەیێنراوە.
بەگوتەی حوسێن وەیسی، بەرپرسی بەشی مافی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی کرماشان، رۆژی 04-08-2020 هێزەکانی یەکەی جێبەجێکردنی پاراستنی ژینگە لە ناوچەی پارێزراوی بێستوون تووشی ئۆتۆمبیلێک دەبن، بەڵام ئۆتۆمبێلەکە گوێ بە ئاگاداریی ژینگەپارێزەکان نادات و رایناگرێت، ئەوانیش تەقەی لێدەکەن و لە ئەنجامدا کەسێک بە ناوی یوسف فەلاحی داروەندی، خەڵکی گوندی سونقورئاوای سەر بە بێستوون گیانی لەدەستدا.
یەکێک لە پارێزەرەکانی گوتوویەتی، "راوچییەکان ویستوویانە بە ئۆتۆمبیلەکەیان لە ژینگەپارێزەکان بدەن، برومەند نەجەفیش بۆ پاراستنی گیانی خۆیان تەقەی لە تایەی ئۆتۆمبیلی راوچییەکان کردووە. لەو کاتەوە برومەند نەجەفی، ئەندامی پاراستنی ژینگەی کرماشان، دەستبەسەرە و لە زیندانی دێزڵابادی کرماشاندا راگیراوە".
لە دەیەکانی رابردوودا تێکهەڵچوونی نێوان ژینگەپارێزەکان و راوچییە نایاساییەکان کێشەیەکی سەرەکی بەردەم ژینگەپارێزەکان بووە.
راوچییەکان وەڵامی ژینگەپارێزەکان نادەنەوە و زۆر جاریش لەگەڵیان تووشی شەڕ دەبن و تەقەیان لێدەکەن، لە سێ دەیەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر ژینگەپارێز لە ئێران بەدەستی راوچییەکان کوژراون. لەو کاتانەشدا کە شەڕ لە نێوانیان روویداوە و راوچییەکان کوژراون، بەهۆی نەبوونی یاساییەکی روون بۆ پشتگیری لە ژینگەپارێزەکان، رووبەڕووی کێشەی زۆر بوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ