دوو نابیست لە هەولێر هاوسەرگیریی دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەگەرچی توانای قسەکردن و بیستنیان نییە، بەڵام خۆشەویستیی بووەتە هەوێنی ژیانێکی هاوبەش لەنێوان ئارمان و سۆزان و بڕیاریانداوە هاوڕێیەتییان لە مەکتەب بگوازنەوە بۆ ژیانێکی هەتا هەتایی. 
 
ئارمان محەممەد ئەحمەد لەدایکبووی 1997 ـە لە میرگەسۆر و خێزانی ناوی سۆزان حەسەن عیسایە و خەڵکی دەڤەری بارزانە. رێوڕەسمی مارەبڕینی ئارمان و سۆزان لە 8-1-2021 بەڕێوەچووە.
 
محەممەد ئەحمەد باوکی ئارمان کە ئێستا لە هەولێر دادەنیشن لەبارەی ئاشنایەتی کوڕەکەی لەگەڵ هاوژینەکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەردووکیان لە پەیمانگەی نابیستانی هیوا لە هەولێر خوێندکار بوون و لەوێ یەکدییان ناسیوە.
 
باوکی ئارمان دەڵێت، لە تەمەنی 7 مانگی نەخۆش بوو و لە نەخۆشییەوە وایلێهاتووە. خوشک و برای دیکەی هەیە و کەسیان وانین. لەبارەی خێزانی ئارمانیشەوە، محەممەد ئەحمەد دەڵێت، ئەویش هەر لە نەخۆشییەوە وایلێهاتووە، ئەگەرچی رێژەی نەبیستن و قسە نەکردنی ئارمان 100%ـە بەڵام سۆزانی خێزانی 70%ـە و تۆزێک باشترە.
 

بەگوێرەی داتاکانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە جیهاندا نزیکەی یەک ملیار کەسی خاوەنپێداویستی تایبەت هەن، کە ژمارەیان دەکاتە 15%ی هەموو خەڵکی جیهان. هەروەها بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار نزیکەی 100 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەرێمی کوردستان هەن.