مەسرور بارزانی: رێککەوتین عێراق و هەرێمی کوردستان نەبنە بەشێک لە ململانێکان
رووداو- هەولێر
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی رێککەوتن کە نابێت عێراق و هەرێمی کوردستان ببنە بەشێک لە ململانێی هەرێمایەتی.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان توویتێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "ئەمڕۆ خۆشحاڵبووم بە کۆبوونەوەم لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەوەش وەک بەشێک لە پابەندبوونەکانمان بۆ دیالۆگی بونیادنەرانەی بەردەوام لەگەڵ بەغدا. رێککەوتین لەسەر پێویستیی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە عێراق و لەسەر ئەوەش کە نابێت عێراق و هەرێمی کوردستان ببنە بەشێک لە هەر ململانێ و پێکدادانێکی هەرێمایەتی".
مەسرور بارزانی لە توویتێکی دیکەدا نووسیویەتی، "جەختم لە پێویستیی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی ئەمدواییەی نێوان هەردوو حکومەت کردەوە، ئەوەش بۆ سوودی هەموو عێراقییەکان. ئاماژەم بەوەشکرد، هاوئاهەنگی زیاتر بە پاڵپشتیی هاوپەیمانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە بەردەوامەکانی داعش لە عێراق پێویستە".