دوای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری بەرەو سلێمانی بەڕێکەوتن و بڕیارە پاش کەمێکی دیکە بگەنە سلێمانی و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتی کۆببنەوە.
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق بگاتە فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عیماد ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیەکانی یەکێتی و شاڵاو کۆسرەت رەسوول ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتیی، پێشوازی لە عادل عەبدولمەهدی و شاندی یاوەری بکرێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست رووداو کەوتوون، عادل عەبدولمەهدی سەردانی ماڵی کۆسرەت رەسوول عەلی دەکات و لەوێ لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتی کۆدەبێتەوە.
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، ئەجێندای سەردانەکەی بریتیدەبێت لە وەرگرتنی راو سەرنجی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر دۆخی ئێستای عێراق و دروستکردنی هاوئاهەنگی کاری پێکەوەیی لەنێوان هەولێر و بەغدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ