ئاسۆ مامەند: لە کەرکووک تەعریب و بەشیعەکردنیش هەیە

رووداو - سلێمانی

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی دەڵێت، ئەوەی ئێستا حکومەتی عێراق دەیکات هەوڵدانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت ئەگەر دۆخی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان بەمشێوەیە بەردەوام بێت، دەبێ یان خۆپیشاندان بکرێت یاخود کورد لە پرۆسەی سیاسی عێراق بکشێتەوە.

لەکاتی بەشداری لە بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"ی تەلەڤزیۆنی رووداو، کە رەنج سەنگاوی پێشکەشی دەکات، ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک باسی لە دۆخی ئەو شارە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق کرد بۆ ئەو ناوچانە.

بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک دەڵێت، دۆخی ئێستای کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان باش نییە، ئەوەی حکومەتی عێراق بەناوی فەرزی دەستوور دەیکات هەمووی پێچەوانەی دەستوور و یاسایە.

ئاسۆ مامەند، کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە، دەشڵێت "ئێستا تەعریبکردنی بێشوومار و تەشەیوع (بەشیعەکردنی خەڵک) هەیە، دۆخی کەرکووکمان پێخۆش نییە، بەڵام مانەوەمان پەیوەندی بە بڕیاری سەرکردایەتیی کوردەوە هەیە".

ئاسۆ مامەند دەڵێت، بەغدا نەک هەر بۆ کەرکووک، بەڵکو نیەتەکەی ئەوەیە قەوارەی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، کە پێچەوانەی دەستوورە.

بەرپرسە باڵاکەی یەکێتی لە کەرکووک باس لە هەنگاوەکانی داهاتوو دەکات و دەڵێت، دەبێ هەموو حیزبە کوردستانییەکان کۆببنەوە و یەک بڕیار بدەن، بژاردەکانیش ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ناڕەزایی یان کشانەوە لە تەواوی پرۆسەی سیاسی عێراقە بە سەرۆککۆماریشەوە.

ئاسۆ مامەند ئاماژەی بەوەکرد، هەفتەی داهاتوو حیزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک کۆدەبنەوە و بڕیار دەدەن، ئەگەر بڕیاری خۆپیشاندان درا، ئەوا مۆڵەت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەردەگرن و بە ئاشتییانە دەنگی گەلی کورد دەگەیێننە دەرەوە.

سەبارەت بە چارەسەری دۆخی کەرکووک، ئاسۆ مامەند دەڵێت، ئەوەی ئێستا گرنگە دانانی پارێزگارێکە کە مافی کوردە، هەروەها کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە هەنگاوە نایاساییەکان و پێشێلکارییەکان.