رووداو- هەولێر
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایدەكات كە لە رێگای پارازیتەوە رێگەیان لە گەیشتنی شەپۆلەكانی رادیۆی داعش لە موسڵ گرتووە بۆ باشووری کوردستان.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی بیری تووندڕەوی و كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی گوتاری داعش، لەڕێگەی تێكدانی شەپلی پارازیت رێگە لە هاتنی پەخشی رادیۆی داعش بۆ هەندێك لە ناوچەکانی باشووری کوردستان گیرا و هێڵی ئینتەرنێتیشیان راگیرا.
مەولوود باوەموراد وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بە وەكالەت لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند"حكومەتی هەرێمی كوردستان هەرسێ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی رۆشنبیری راسپارد، بۆ راگرتنی پەخشی رادیۆكانی داعش كە لە شاری موسڵ پەخش دەكرا، دواتر بەهەوڵەکانی ئەو سێ وەزارەتە تواندرا رێگری بکرێت لەوەی کە دەنگی رادیۆكانی داعش بگەنە باشووری کوردستان بە تایبەت پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك".
مەولوود باوەموراد باسی لەوەشكرد، كە وەزارەتەكەیان توانیویانە هێڵەكانی ئینتەرنێت كە لەو ناوچانەی نزیکن لە باشووری کوردستانەوە و داعش سوودی لێ وەردەگرت، سەرجەمیان ببڕێت.
دوای كۆنترۆڵكردنی موسڵ بە ماوەیەكی كەم داعش لە پاشماوەی كەلوپەلی رادیۆی رەشیدو كەلوپەلی تۆڕی راگەیاندنی عێراق توانی رادیۆیەكی لۆكاڵی بەناوی رادیۆی بەیان لە نێوشاری موسڵ دابمەزرێنێت، پەخشی رادیۆكەش سنووری موسڵی بڕیوە و لە هەندێك ناوچەی پارێزگای هەولێر و دهۆك دەبیسترا.
بەپێی بەدواداچوونی هەفتەنامەی رووداو لە ژمارەکانی پێشووی خۆیدا، پەخشی رادیۆكە لەسەر شەپۆلی ئێف ئێمە و بە زمانی كوردی، عەرەبی، توركی و ئینگلیزی بەرنامەكانی پەخش دەكات.
رادیۆكە قورئان و سروودی ئایینی بە تایبەتی ئەوانەی باسی جیهاد دەكات، لەگەڵ هەواڵەكان پێشكەش دەكات. هەروەها بۆچوونی خەڵكی بندەستیان لەسەر داعش بڵاودەكەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ