هەموارى بودجە چاوەڕێى 2025 یان دانیشتنێکى تایبەت دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق کەوتە پشووەوە بەبێ ئەوەى هەموارى یاسای بودجە پەسند بکات، کە تایبەتە بە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، ئەو پرسە چاوەڕێى دانیشتنێکى تایبەتى پەرلەمان دەکات بەر لە کۆتایی ساڵ یان دەکەوێتە ساڵى 2025.
راپۆرتى لیژنەى دارایی لەسەر ئەو هەموارە نەگەیشتووەتە داڕشتەى کۆتایی بەتایبەت لەو پرسانەى پەیوەندیدارن بە ماوەى دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنى ئەو گۆڕانکارییانەى، کە هەموارەکە لە پێناویدا دەکرێت.
دواى مانگێک لە درێژکردنەوەى، رۆژی 8ى کانوونى یەکەمى 2024، وەرزى یاسادانانى دووەمى ئەم ساڵى پەرلەمانى عێراق کۆتایی هات، لەکاتێکدا هەموارى یاسای بودجەى گشتی لە قۆناخى خوێندنەوەى دووەمدا وەستا، کە قۆناخى بەر لە دەنگدانە.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "یەکلاکردنەوەى ئەو هەموارە لە پەرلەمان دەکەوێتە دواى 9ى کانوونى دووەمى 2025 کە دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێدەکەنەوە، یان سەرۆکایەتیى پەرلەمان دەتوانێت لە رێگەى بانگهێشتکردنى پەرلەمان بۆ کۆبوونەوەیەکى تایبەت تێى پەڕێنێت".
ئەو هەموارە لە مادەى 12ى یاساى بودجەیە و لەسەر بنەماى بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقە، کە لە 5ى تشرینى دووەمى 2024 دەریکرد.
بەگوێرەى هەموارەکە دەبێت لە ماوەى 60 رۆژ دواى کارابوونى هەموارەکە، وەزارەتى نەوتى فیدراڵ بە رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتى سامانە سرووشتییەکانى هەرێمى کوردستان، لایەنێکى راوێژکاریى تەکنیکى نێودەوڵەتى دیاری بکەن بۆ ئەوەى نرخى خەمڵێندراوى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان دیاری بکات، ئەگەرنا ئەنجوومەنى وەزیرانى فیدراڵ ئەو لایەنە دیاری دەکات.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، راپۆرتى لیژنەکەیان چاوەڕێى کۆکردنەوەى تێبینییەکانە، هەندێک لە ئەندامانى لیژنەکە داوا دەکەن بەر لە ئامادەکردنى داڕشتەى کۆتایی راپۆرتەکەیان میواندارى بەرپرسانى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ بکەن.
بەگوتەى ئەندامەکەى لیژنەى دارایی، چەند تێبینییەک هەن کە ئەگەر هەیە بۆ هەموارەکە زیاد بکرێن کە پەیوەندارن بە ماوەی دیاریکراو بۆ گرتنەبەری چەند هەنگاوێک، لەوانە ئەگەر هەولێر و بەغدا لەسەر لایەنە راوێژکارییەکە رێکنەکەوتن، حکومەت چەند ماوەى هەیە کە ئەو کارە لە برى ئەوان بکات، ئەوە جگە لەو ماوەیەى کە لیژنە راوێژکارییەکە نرخى خەمڵێندراوى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت دیاری دەکات.
بەگوێرەى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق تاوەکو ئەو لیژنە راوێژکارییە کارەکانى تەواو دەکات، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى هەر بەرمیلێک نەوت لە هەرێمى کوردستان 16 دۆلار هەژمار دەکرێت، دواتر لەسەر بنەماى نرخى خەمڵێندراوەکە پاکتاوى ئەو پارەیە دەکرێت کە لەو ماوەیەدا بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت خەرج کراوە.
جەمال کۆچەر رایگەیاند: "تێبینییەکان لەگەڵ ئەو داڕشتەیەى کە لە حکومەتەوە نێردراوە بۆ هەموارى یاساکە، دەخرێتە دەنگدانەوە بۆ ئەوەى یەکلا بکرێنەوە".
یاسای بودجەى گشتى عێراق، هەرێمى کوردستانى پابەند کردووە بەوەى رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى بەغدا بکات وەک یەکێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکەکەى لە بودجە بە حەقدەستى کۆمپانیاکانیشەوە کە لە پەسندکردنى یاساى بودجە لە 2023ەوە تاوەکو ئێستا ئەو پارەیە نەدراوە.