بافڵ تاڵەبانی: کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هیچ ئاشتییەک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدینایەت

رووداو دیجیتاڵ
 
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، "ئێمە بە تەواوی رێز لە ئیرادەی خەڵکی سووریا دەگرین و ئەو بڕیارانەش کە لەبارەی داهاتووی وڵاتەکەوە دەدرێت". دەشڵێت، "لەم دۆخە هەستیارەدا پشتیوانیی تەواومان بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان دووپاتدەکەینەوە".
 
بافڵ تاڵەبانی، ئەمڕۆ سێشەممە، راگەیێندراوێکی لەبارەی رەوشی سووریا بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە چەند رۆژی رابردوودا بە وردی چاودێریی رووداو و پێشهاتەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستانمان کرد و بە بایەخەوە لە گۆڕانکاری و کاریگەرییەکانی دەڕوانین. ئێمە بە تەواوی رێز لە ئیرادەی خەڵکی سووریا دەگرین و ئەو بڕیارانەش کە لەبارەی داهاتووی وڵاتەکەوە دەدرێت، بەڵام لە چوارچێوەی پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان و لەبەرچاوگرتنی ئەو واقیعە سیاسییەی لەو وڵاتەدا هەیە. هیوادارین ئەم دەرفەتە بەهەند وەربگیرێت تاوەکو بە سیاسەتێکی نیشتمانیی هاوبەشەوە قۆناخێکی نوێی حوکمڕانی و دادپەروەر بێتەکایەوە و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکەکەی مسۆگەر بکرێت".
 
رۆژی یەکشەممە، 8-12-2024، پاش 24 ساڵ لە حوکمکردن، رژێمەکەی بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا و خۆی و خێزانەکەی بەرەو رووسیا هەڵاتن.
 
لەبارەی رۆژئاوای کوردستانەوە، بافڵ تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەکات، "لەم دۆخە هەستیارەدا پشتیوانیی تەواومان بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان دووپاتدەکەینەوە، هیوادارم هەموومان بە یەک دەنگ و بە گوتارێکی نیشتمانییەوە پشتیوانییان لێبکەین و رووبەڕووی ئەو مەترسییانە بوەستینەوە کە هەڕەشەن بۆسەر ژیان و سەقامگیرییان".
 
هەروەها دەڵێت، "لەکۆتاییدا جەخت لە رەچاوکردن و پاراستنی مافی گەلی کورد دەکەینەوە، هیواخوازین هەموولایەک بڕیاری دروست و ژیرانە بدەن و پارێزگاری لە ئاشتی و پێکەوەژیانی ناوچەکە بکەن. چونکە وەک پێشتریش وتوومانە تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هیچ ئاشتییەک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدینایەت".