رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیتەی سیاسیی پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد لە سووریا- ئەلوەحدە لە شاری کۆبانێوە بە رووداوی گوت، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی منبج مەترسی زیاتر کەوتووەتە سەر شارەکانی رۆژئاوای کوردستان. گوتیشی، ئێستاش نزیکەی 10 هەزار کورد لە منبج ماون.
ئەمڕۆ سێشەممە 10-12-2024، موسلیم حەسەن، ئەندامی کۆمیتەی سیاسی پارتی ئەلوەحدە لە کۆبانێ میوانی نوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو باسی لە دۆخی رۆژئاوای کوردستان و دوایین پێشهاتەکان لەو پارچەیەی کوردستان و سووریا کرد.
موسلیم حەسەن گوتی، ئێستا دۆخی نێو شاری کۆبانێ جێگیرە و هیچ ئاڵۆزییەک نییە. ئاماژەی بەوەشکرد، "بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە دوێنێ لە سنووری کۆبانێ دوو منداڵ و چەند ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش شەهید بوون".
ئەو بەرپرسەی پارتی وەحدە لە هەڤپەیڤینەکەی رووداودا باسی لەوەشکرد، منبج بۆ کۆبانێ سەرچاوەی سەرەکیی بازرگانی و کار بووە و بەشێکی هاونیشتمانیانی کۆبانێ بۆ خوێندنیش چوونەتە ئەو شارە. گوتیشی: "کورد دەترسێت دژی رۆژئاوای کوردستان تورکیا لەگەڵ وڵاتاندا رێککەوتن بکات".
دەقی هەڤپەیڤینەکەی موسلیم حەسەن:
رووداو: . دۆخی ئاسایش ئەمڕۆ لە کۆبانێ چۆنە؟
موسلیم حەسەن: بەڕاستی نەک تەنیا کۆبانێ، دۆخی تەواوی سووریا نالەبارە، لە سووریا جەنگ بووە. رووخاندنی دیکتاتۆر دوای 54 ساڵ لە خەڵک پیرۆز دەکەین، ئەوە موژدەیەکی گەورە بوو بۆ خەڵکی سووریا. دوای 14 ساڵیش شەڕی نێوخۆی سووریا خەڵک ئارامیی دەوێت و دەیەوێت دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی باشبێت. کۆبانێش بەشێکە لە سووریا، دەتوانم بڵێم ئێستا دۆخەکە باشە و ئارامە و هیچ ئاڵۆزییەک لێرە نییە.
رووداو: دوای ئەوەی منبج کەوتە دەستی گرووپە چەکدارەکان، شەوی رابردوو چەند جار کۆبانێ تۆپباران کرا؟
موسلیم حەسەن: وەکو شارەکە ئارامە، بەڵام شارۆچکەی سرین و گوندەوارەکانی و ناوچەکانی چەلەبی و بەری چەمی فورات کە هەموویان سەر بە کۆبانێن دۆخەکە کەمێک ئاڵۆز بوو. ئەوەی زیاتر روویدا لای پردی قەرەقۆزاخ بوو، دۆخەکە لەوێ ئاڵۆز بوو، بەردەوام درۆن لە ئاسماندا بووە و بەردەوامیش هەن.
رووداو: چەند جار گوندەوارەکانی کۆبانێ بۆردوومان کران؟
موسلیم حەسەن: دوێنێ کاژێر 10:00 یەکەمین جار بوو لە رۆژئاوا و باشووری کۆبانێ بە دووری 25 کیلۆمەتر گوندی کون عەتار زیاتر لە 15 تۆپ تۆپباران کرا، لەو گوندە دوو منداڵ یەکێکیان 9 ساڵ و ئەوی دیکە 12 ساڵ شەهید بوون. لەسەر پردی قەرەقۆزاخیش زیاتر لە جارێک لە رێگەی درۆنەوە بۆردوومان کرا، خاڵێکی ئاسایش کرایە ئامانج و ژمارەیەک ئەندامی ئاسایش شەهید بوون. لەو ناوچانە ئاڵۆزی زۆر دروست بوو.
رووداو: ئێستا منبج و گوندەوارەکانی بە تەواوی لەدەستی گرووپە چەکدارەکاندان؟
موسلیم حەسەن: پردی قەرەقۆزاخ کەمتر لە 20 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری منبجەوە دوورە، کە گەیشتنە پردەکە و شەڕ گەیشتە ئەوێ، بێگومان لە رۆژئاواشەوە شارەکە کۆنترۆڵکراوە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیاوە.
رووداو: ئێستا ئەو گرووپانە لەسەر پردی قەرەقۆزاخ، لە رۆژئاوای چەمی فورات خۆیان جێگیر کردووە؟
موسلیم حەسەن: بەڵێ بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە ئێمە دەگەن، لە رۆژئاوای چەمی فورات خۆیان جێگیر کردووە.
رووداو: کورد لە منبج ماون؟
موسلیم حەسەن: کەم و زۆر لە منبج هەن، 10 ساڵێکە لەوێن، لەسەرەتای ئەو رووداوانەی منبجەوە زۆرینەیان دەرچوون، بەڵام هێشتا کورد لەوێ هەن، خزمی خۆم هەیە تاوەکو ئەم خولەکە لەوێ دەرنەچوون.
رووداو: دۆخی ئەو کوردانە چۆنە؟
موسلیم حەسەن: ئەوەی کە من پەیوەندیم لەگەڵیان هەبێت و بیانناسم، هیچ ئاستەنگییەکیان باس نەکردووە، بەڵام دەبیستین کە هەندێک ئاستەنگیش و کاری خراپیش دەکرێن، بەڵام ئەوانەی من دەیانناسم دەڵێن لەماڵی خۆمانداین.
رووداو: گرووپەکان داوا لە کورد دەکەن لە منبج بچنە دەرەوە؟
موسلیم حەسەن: بەگوێرەی پەیوەندییەکان کە بە ئێمەیان گوتووە، پێیانگوتراوە لە ماڵ مەچنە دەرەوە و مەترسن و لە ماڵی خۆتان دانیشن.
رووداو: ژمارەی کورد لە منبج دیار نییە؟
موسلیم حەسەن: گۆڕانکاری لەو ناوچەیە زۆر بووە، پێش ئەم دۆخە زیاتر لە 25 هەزار کورد لە منبج زیاتر ژیاون، بەڵام دواتر چەند کورد مابوونەوە نازانم، پێموایە دوایین جار نزیکەی 10 هەزار کورد لەوێ دەژیان.
رووداو: بەشێکی خەڵکی کۆبانێ بۆ خوێندن یان کار دەچوونە منبج، ئەوانە گەڕاونەتەوە کۆبانێ؟
موسلیم حەسەن: شاری منبج وەکو شارێکی بازرگانی لێهاتبوو، سەرچاوەیەکی ژیان بوو بۆ کۆبانێ، چ لە رووی خوێندنەوە یان لە رێگەی کارەوە، دوای حەلەب، شاری منبج سەرچاوەی کار بوو بۆ کۆبانێ، بۆیە بەشێکی خەڵکی کۆبانێ تێکەڵی و هاتووچۆی لەگەڵ منبج هەبووە، هەموو شتێک لەوێوە دەگەیێندرایە کۆبانێ. لەو شوێنانەی دەوڵەتی تورکیا داگیری کردوون شتومەک دەگەیشتە منبج و لەوێشەوە دەهێندرایە کۆبانێ.
رووداو: تورکمان، چەرکەس و عەرەبی منبج کەس کۆچبەر بووە بۆ کۆبانێ؟
موسلیم حەسەن: هیچ زانیارییەک لەو بارەیەوە بەمن نەدراوە و ئاگادار نیم.
رووداو: دوای کۆنترۆڵکردنی منبج مەترسی لەسەر کۆبانێ هەیە؟
موسلیم حەسەن: هەموو کاتێک مەترسی لەسەر ناوچە کوردستانییەکان هەیە، رۆژانە هەڕەشەی ئەو گرووپە چەکدارانە بە پشتیوانی دەوڵەتی تورک هەیە. کاتێک منبج و گوندەوارەکانی لەلایەن ئەو چەکدارانەوە کۆنترۆڵ بکرێن بێگومان مەترسی زیاتر دەبن، بەڵام دەوڵەتانی زلهێز دەڵێن ناوچەکانی رۆژهەڵاتی چەمی فورات وەکو قامیشلۆ، کۆبانێ، دێرک یان دەرباسێ پارێزراو دەبن، بەڵام کەس ئەوەی بۆ پشتڕاست نەکردووینەتەوە کە پارێزراو دەبین. ئێمە دەمانەوێت ژیانێکی ئارام دوای بەشار ئەسەد بۆ خەڵک بێتە ئاراوە. بەڵام رێککەوتنێک لەنێوان تورکیا و رووسیا یان تورکیا و وڵاتان دروست بێت، کڕین و فرۆشتن روودەدات و ناتوانین بڵێین تەواو پارێزراوین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ