ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە؟

10-12-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان داوای لە پەرلەمانتاران کردووە، ئەمڕۆ بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان ئامادەبن، بەڵام جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمان دەڵێت، "مەگەر تەنیا فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئامادەی کۆبوونەوە بێت."
 
رۆژی یەکشەممە محەممەد سلێمان، سەرۆکی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان کە لە فراکسیۆنی نەوەی نوێیە لە راگەیێندراوێکدا گوتی "داوا لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دەکەین، سێشەممە 10-12-2024 کاژێر 11:00 لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان." 
 
هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان لەمبارەیەوە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەبوو سەرۆکی کاتیی پەرلەمان کاتێک لە یەکەم دانیشتن کۆبوونەوە هەڵگیرا، کاتی بەردەوامیدانی بۆ کۆبوونەوە دیاری بکردایە، بەڵام ئەوەی نەکردووە و ئێستاش بێ ئاگاداریی ئێمە، رۆژێکی بۆ کۆبوونەوە راگەیاندووە." 
 
هیوا نەسرەدین گوتی "دەبوو پێشوەختە، دیوانی پەرلەمانی کوردستان ئامادەکاری بۆ دانیشتن بکردایە. سەرۆکی کاتیی پەرلەمان تەنانەت بە فراکسیۆنەکانیشی نەگوتووە ئەمڕۆ کۆبوونەوە دەکرێت، بۆیە مەگەر فراکسیۆنەکەی خۆیان (نەوەی نوێ) ئەمڕۆ بچنە هۆڵی پەرلەمان بۆ کۆبوونەوە." 
 
جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد "بۆ بەردەوامیدان بە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، دەبێت سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان پێشوەختە لەگەڵ فراکسیۆنەکان کۆبێتەوە و، زۆرینەیەک مسۆگەر بکات کە دەچنە هۆڵی پەرلەمان، پاشان کاتی کۆبوونەوە دیاری بکات." 
 
رۆژی 2-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا، تێیدا پارتی دیموکراتی کوردستان دوو بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەبوو، ئەوانیش ڤالا فەرید و هەڵگورد شێخ نەجیب. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە هەمان شێوە دوو کەسی بۆ پۆستەکە بەربژێر کرد، کە میران محەممەد و شاڵاو کۆسرەت رەسوول بوون. نەوەی نوێش بەربژێرێکی بۆ سەرۆکی پەرلەمان هەیە، کە کوردەوان جەمالە.
 

بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش هەریەک لە بەهجەت عەلی و مەرد عەلی رەسوول لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ئومێد حەمەساڵح و ئازاد حەمەئەمین لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها عەدنان حوسێن لە نەوەی نوێ خۆیان بەربژێر کرد.
 
بۆ پۆستی سکرتێری پەرلەمانیش لە یەکێتی، شیرین یونس و شلێر غەفوور. هاڤین سەعید لە پارتی، سەوسەن کاکەمەند، لە نەوەی نوێ، نەجدەت نووری پێکهاتەی تورکمان لە سلێمانی و رامی نووری لە پێکهاتەی کریستیانەکان لە هەولێر، بەربژێرن.
 
بەگوێرەی پەیڕەی نێوخۆی پەرلەمان، جارێکی دیکە دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ناکرێتەوە و دەبێت ئەوانەی خۆیان بەربژێر کردووە، یەکێک لەوانە هەڵبژێردرێت بۆ پۆستەکانی سەرۆک، سکرتێر و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ بە 15 کورسییان بەدەستهێنا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەڵاحەدین بەهائەدین، وێنە؛ ئەرشیڤ

بۆ مانەوەی سەڵاحەدین بەهائەدین لە پۆستەکەی، یەکگرتوو پەیڕەوی نێوخۆی هەموار دەکاتەوە

ئەندامێکی کۆنگرەی 9ـی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت لەم کۆنگرەیەدا هیچ کەسێک خۆی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی بەربژێر ناکات و هەمووان کۆدەنگن لەبارەی مانەوەی سەڵاحەدین بەهائەدین لە پۆستەکەیدا.