ئەمریکا بۆ رووداو: کەناڵەکانمان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی شەڕ لەنێوان هەسەدە و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا روونەدات
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، بۆ هەموو لایەنە پویوەندیدارەکانی ناوچەکەیان بە تورکیاشەوە روونکردووەتەوە کە ئەمریکا نایەوێت شەڕ و پێکدادان لە باکووری سووریا هەبێت و دەبێت سڤیلەکان پارێزراوبن. دەشڵێت: کارمان لەسەر ئەوە کردووە، ئاسایشی هێزە رێزلێگیراوەکانی باکووری سووریا پارێزراوبن و شەڕ لە نێوان هێزە دۆستەکانمان روونەدات.
سەبارەت بە هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی سووریا بۆ سەر هێزەکانی سووریا دیموکرات لە باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستان، ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە، 10.12.2024، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە رووداوی راگەیاند، بۆ هەموو لایەنە پەیوەندییدارەکانیان روونکردووەتەوە کە ئەمریکا نایەوێت بەریەککەوتن و شەڕ لە نێوان ئەو هێزانەدا هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسی و سەربازییەکانەوە پەیوەندییان بە لایەنەکانەوە کردووە.
ماتیو میڵەر سەبارەت بەم دۆخەی لە رۆژئاوای کوردستان و هێرشی ئێستای گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە تورکیا پشتیوانییان دەکات بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات کە ئەمریکا پشتیوانییان دەکات دەڵێت: ''هەڵوێستی خۆمان روون دەکەمەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا، ئەمە ئەو پرسە بووە کە ئێمە لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسی و هەروەها کەناڵە سەربازییەکانەوە کارمان لەسەر کردووە، کە سەرنجمان لەسەر دڵنیابوونەوەیە لە سەلامەتی و ئاسایشی هێزە رێزلێگیراوەکانی باکووری سووریا.''
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند، کارمان لەسەر ئەوە کردووە تاوەکو ''دڵنیابین لەوەی هیچ رووداوێکی تەقەکردن لە نێوان هێزە دۆستەکان روونادات، ماوەیەکی زۆریشە ئەو کەناڵانەی پەیوندیمان دروستکردوون تاوەکو ئەم کارە بکەین.''
میڵەر ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی ئەمریکا بۆ هەموو لایەنە پەیوەنیدارەکانی ناوچەکەیان روونکردووەتەوە کە ئەمریکا نایەوێت ''شەڕی راستەوخۆ لە نێوان گرووپە چەکدارە جیاوازەکان لە بەشە جیاوازەکانی سووریا هەبێت' هاوکات دەیانەوێت هەموو ئەو گرووپانە پارێزگاری لەو سڤیلانە بکەن کە لە سنووری ناوچەکانیاندا دەژین.
سەبارەت بەوەی ئایا لەسەر ئەم پرسە قسەیان لەگەڵ تورکیا کردووە و هەڵوێستی خۆیان لەوبارەوە بە روونی بە ئەنقەرە گەیاندووە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی گوت، "هەڵوێستەکانی خۆمان بۆ هەموو لایەنەکان روونکردووەتەوە''
هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، سەبارەت بە لادانی محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام لە لیستی تیرۆر یانیش رووبەرووکردنەوەی بەرپرسیارێتی بەهۆی کارەکانی پێشووی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی گوت ''[ئەمریکا] بێگومان پشتیوانی لە رووبەرووکردنەوەی بەرپرسیارێتی دەکات.''
گوتیشی، "بەڵام ئێستا کە قسە لەسەر داهاتوو دەکەین، ئەمریکا لەسەر بنچینەی کارەکانیان لە رابردوو و هەروەها کارەکانیان لە داهاتوودا بڕیار لەسەر مامەڵەی لەگەڵ ئەو گرووپە جیاوازنە لە سووریا دەدات."
لە دوو رۆژی رابردوودا، گرووپەکانی سوپای نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناوچەکانی منبج و کۆبانێ و دەورووبەری دەستپێکرد.
رۆژی سێشەممە، گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵکردنی منبجیان راگەیاند، ئەوەش جگە لەوەی لە پارێزگای دێرەزوور و سنووری کۆبانێ چەندینجار هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات.
رۆژی سێشەممە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، تورکیا بەنداوی تشرینی بۆردوومان کردووە و بەهۆیەوە کارەکانی بەنداوەکە وەستاوە.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای دەستوەردانی بەپەلە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد و رایگەیاند، "لە ئەگەری تەقینی بەنداوی تشرین، ناوچەکە هەڕەشەی ژێرئاوکەوتنی لەسەرە."
لەسەر رووداوەکانی سووریا و دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، رۆژی دووشەممە ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کردووە.
بەپێیی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بلینکن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختی لە پێویستی بەردەوامی شەڕی دژ بە داعش لە سووریا و هەروەها دڵنیابوونەوە لە پاراستنی مەدەنییەکان لە نێویاندا پێکهاتە لاوازەکان و پاراستنی ژێرخانە مەدنییەکان لەسەتاری سەری سووریا کردووەتەوە.
کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "لەکاتیکدا شەڕڤانانمان لە منبج بەردەوامن لە بەرگریکردن بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانەی لە رۆژئاوای فووڕاتەوە دەکرێن، ئێمە بە نێوەندگیریی ئەمریکا گەیشتینە رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست لە منبج، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتیان".
دەشڵێت، "شەڕڤانانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج، کە لە 27ـی 11وە بەرپەرچی هێرشەکان دەدەنەوە، بەزووترین کات لە ناوچەکە دێنە دەرەوە".
مەزڵووم عەبدی لەبارەی هۆکاری ئەم هەنگاوە ئاماژە بەوە دەکات، "ئامانجی ئێمە ئاگربەستە لە تەواوی سووریا و چوونە نێو پرۆسەی سیاسیە لەپێناو داهاتووی وڵات دا".