ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی 'تیرۆریستێکی داعش'ـی راگەیاند

10-12-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
وێنەی تۆماتبارەکە و چەند کارمەندێکی ئاسایش
وێنەی تۆماتبارەکە و چەند کارمەندێکی ئاسایش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، کەسێکیان دەستگیرکردووە کە شانەی راگەیاندنی داعش بووە لە هەرێمی کوردستان و پێشووتر لە سووریا و عێراق کاری بۆ ئەو رێکخراوە کردووە و بەیعەتی پێداون.
 
رۆژی سێشەممە، 10-12-2024 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی (غازی سعوود محەممەد مەدفەع) راگەیاندووە و ئاماژەی بەوەکردووە، "تیرۆریستەکە" چەند خولێکی شەرعی و سەربازی لەگەڵ رێکخراوەکە بینیوە.
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان لە ئاسایشی سلێمانی، ئەو کەسە لەدوای لەنێوچوونی داعش لە عێراق "چووەتە سووریا، بەڵام ساڵی 2017 جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە عێراق و هەرێمی کوردستان."
 
"ماوەیەک لە ناحیەی شوان[ی سەر بە پارێزگای کەرکووک] کاری شوانی کردووە، دواتر بە مەبەستی کارکردن چووەتە قەزای بازیان، لەوێ جارێکی دیکە وەکو ئەندامی شانەی راگەیاندن بەیعەت بە داعش دەدات." ئاسایشی سلێمانی وا دەڵێت
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، "بە مەبەستی دروستکردنی دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییان چەند گرتەڤیدیۆییەکی بارەگە سەربازییەکانی حکومەتی عێراق و قەزای چەمچەماڵی تۆمارکردووە، بەناوی ویلایەتی سلێمانی و کەرکووک ناوی بردوون و لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاوکردوونەتەوە."
 
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی تیمە تەکنیکی و سەربازییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، لەسەر بنەمای "زانیاریی هەواڵگری" ئەندامەکەی "داعش"یان دەستگیرکردووە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە