گردی مشتەنوور لە کۆبانێ بۆردوومان کرا

10-12-2024
سیروان عەباس
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە درۆن بارەگایەکی سەربازی لە کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان کرایە ئامانج.
 
رۆژی سێشەممە، 10-12-2024، رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گردی مشتەنووری نزیک شاری کۆبانێ لەلایەن سوپای تورکیاوە بۆردوومان کراوە کە بارەگایەکی سەربازیی تێدا بووە.
 
کۆبانێ، شارێکی کوردستانییە و دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریا دیموکرات (هەسەدە).
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بۆردوومانەکە لە کاژێر 3:00 بە درۆن کراوە. رامی عەبدولڕەحمان گوتی: لە شوێنی بۆردوومانەکە دووکەڵ بەرزبووەتەوە و بەپێی زانیاریی سەرەتایی "زیانی گیانیش هەیە".
 
بەپێی ئامارەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، سوپای تورکیا 198 هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رێڤەبەری خۆسەر لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
 
هەر بەپێی ئامارەکە، لەو هێرشانەدا 86 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 49 شەڕڤان و 77 سڤیلیش بریندار بوون کە ژن و منداڵیشیان تێدان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە