رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی بژمێرەکانی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان، دەستەیەکیان دامەزراندووە و داوای دامەزراندن دەکەن. جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوان بۆ ماوەیەکی کاتی بژمێرەکانیان پێویست بووە، نەوەک بۆ دامەزراندنیان.
دەستەکەی بژمێرەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوای دامەزراندن دەکەن. مەحموود عوسمان، جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ بژمێرەکان کردووە بۆ کاتێکی دیاریکراو و، ناچار نین بە دامەزراندنیان."
جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان گوتی "بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئامار لە هەرێمی کوردستان کارمەندی پێویستیان هەیە و داوای دامەزراندنی کەس نەکراوە، بەڵام هەندێک کات بۆ رووپێوییەک یان سەرژمێری کارمەندمان پێویست بووبێت بە گرێبەست وەرمانگرتوون و دواتر کە کاریان تەواو بووە، سوپاسمان کردوون."
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 20 هەزار کەس لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیدا وەکو بژمێر کاریان کردووە، مەحموود عوسمان دەڵێت، ئەوان زۆربەیان دانەمەزراون. گوتیشی "ئەوەی هەیە؛ گریبەستەکە بۆ داهاتووی خۆیان و سیڤییەکانیان لە هەرشوێنێک کار بکەن باشە و دەتوانن سوودی لێببینن، نەوەکو داوای دامەزراندن بکەن."
سەرژمێریی گشتیی بۆ ماوەی سێ رۆژ و لە 20 بۆ 22ـی 11-2024 لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. دوای دوو رۆژ و رۆژی 25ـی هەمان مانگ، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ئاماری دانیشتووانی راگەیاند و گوتی، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 6 ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەسە و 14%ـی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ