کوردستان
کاتی داخستنی پاڵاوگەیەکی نایاسایی لە هەولێر لە 16-6-2020، وێنە: بڵند تاهیر - ئەرشیڤی رووداو
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنى ژينگهی هەرێمی کوردستان دەڵێت 'ژینگە و هەوای هەولێر، پیسە و رێگەچارەی پێویست بۆ هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە نەگیراونەتەبەر.' پسپۆرێکی پیسبوونی خاک و هەواش دەڵێت 'رێژەی گەردیلە پیسەکانی هەوای هەولێر لە ئاستی مەترسیداردایە.'
ئەمڕۆ (شەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2024) عەبدولڕەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنى ژينگهی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بوونی ژمارەیەکی زۆر پاڵاوگە و کارگەی نایاسایی، موەلیدە و ئۆتۆمبێل هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی ژینگە و هەوای هەولێرن و رێگەچارەی پێویست بۆ هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە نەگیراونەتەبەر."
تاوەکو سەرەتای مانگی ئابی ئەم ساڵ، 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر هەبوون. چواری تەمموزی ئەمساڵ، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "دەبێت تەواوی ئەو پاڵاوگانە دابخرێن."
عەبدولڕەزاق خەیلانی دەڵێت، "ئەو پاڵاوگانەی لە ماوەکانی پێشوو باسی داخستنیان دەکرا، ئێستا دووبارە دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە، بۆیە دەبێت بڕیارێک دەربکرێت کە چاوپۆشی لە هیچ پاڵاوگەیەک نەکرێت و سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان بەیەکجاری دابخرێن."
د. عەبولموتەلیب رەفعەت، پسپۆری ژینگە و مامۆستای زانکۆ بە رووداوی گوت، "هەوای هەولێر کوالێتییەکی خراپی هەیە، جگە لە بوونی ژمارەیەکی زۆر پاڵاوگەی نایاسایی نەوتی و هۆکارەکانی دیکە، بوونی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل یەکێک لە کێشە گەورەکانە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 6 ملیۆن کەسین؛ کەچی نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار ئۆتۆمبێلمان هەیە، ئەوەش مەترسییەکی جیدییە لەسەر ژینگەی شار و وڵات."
رێبین سەمەد، پسپۆڕی پیسبوونی خاک و هەوا بە رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی نوێترین ئامار کە لەبەردەستمدایە، لە هەر مەتر سێجایەکی هەولێر 200 مایکرۆمێتەر گەردیلەی پیس هەن، لەکاتێکدا بەگوێرەی پێوەری جیهانی لە 150 مایکرۆمیتەر (پێوەری گەردیلەی پیسی هەوا) زیاتر بێت بە ترسناک پێناسە دەکرێت.
رێبین سەمەد دەشڵێت، "لە هەولێر شوێنی جوگرافیی پاڵاوگە و کارگەکان و ئاراستەی با، هاوتەریبن، بەوپێیەی لە بەشی باشووری رۆژئاوای هەولێرن، زۆرجاریش بـا لەو ئاراستەیەوە هەڵدەکات و بەرەو ناوەندی شار دێت، ئەوەش وادەکات هەرچی دووکەڵ و گەردیلەی پیسی دەردراوی ئەو کارگە و پاڵاوگانەیە بێتە ئاسمانی هەولێر. پێویستە حکومەت شوێنی کارگە و پاڵاوگەکان بگۆڕێت و لە ناوچەیەک دایانبنێت کە پێچەوانەی ئاراستەی بـا بێت."
لەبارەی زیانەکانی هەوای پیس بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ، د. شەپۆل جەلال، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە بە رووداوی گوت، "هەوای ئێستای هەولێر بۆ هاونیشتمانیان زیانی زۆرە، بەتایبەتی ئەوانەی نەخۆشی رەبۆ و هەستیاریی سییەکانیان هەیە، بۆ کەسانی ئاسایی بەهەمانشێوە زیانی هەیە؛ لەبەرئەوەی ئەو هەوا پیسە هەڵگری بەکتریا، ڤایرۆس و کەڕووە و دەکرێت ببێتەهۆی هەوکردنی سییەکان و هەناسەتەنگی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ