رووداو - سلێمانی
ئەو زەوییانەی کە لە چەند ناوچەیەکی سلێمانی پارچە پارچە کران و دابەشکران بەسەر بەشێک لە هێزە ئەمنییەکاندا، ئێستا شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، ژمارەیەکیان مۆڵەتی دروستکردنی خانوو و باڵەخانەیان لەسەر نادات.
مەولوود سابیر دوو مانگە هەموو رۆژێک سەرقاڵی ئەوەیە هەرچی زووە خانووەکەی تەواو بکات و لە خەمی چەندساڵەی کرێچێتی رزگاری ببێت، هەرچەندە دەڵێت، شارەوانی مۆڵەتی دروستکردنی خانووەکەی پێداوە، بەڵام زەوییەکەی نە تاپۆ و نە رێگەپێدانێکی فەرمیی نییە، بۆیە بەشی زێدەڕۆیی شارەوانیی سلێمانی رێگرە لەبەردەم تەواوکردنی کارەکانی.
مەلوود سابیر، کرێکار ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوەندە پێمان بڵێن، بۆ یەکەمجار رێگەیان داین و ئێستا رێگەمان نادەن ئیش لەسەر زەوییەکان بکەین؟ من ئێستا50 وەرەقە قەرزداری کڕینی ئەم زەوییەم و نایەڵن خانووەکەیش تەواو بکەم."
جگە لە زەوییەکەی مەولوود، 300 پارچە زەویی دیکە لە گەڕەکی چوارچرای سلێمانی هەن کە تەنیا فۆرمێکیان هەیە و بە فەرمی تۆمار نەکراون، کە نرخەکانیشیان لە 30 هەزار دۆلارەوە بۆ 50 هەزار دۆلار دەستپێدەکات و هەریەکە لەو خانووانەی لەسەری دروستکراون لە قۆناخێکدان، بەڵام شارەوانی دەڵێت، مۆڵەتی فەرمییان نییە و نابێت کاری لەسەر بکەن، خاوەنی زەوییەکانیش قسەکانی شارەوانی رەتدەکەنەوە.
سەباح کەریم، کاسب ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە ئەم زەوییانەمان لە کەسی باڵادەست کڕیوە، فۆرمیان پێ پڕکردینەوە و وەسڵیان پێ بڕین، کەچی ئێستا دەڵێن نابێت هیچی لەسەر بکەن، بۆچی؟"
شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوییەکانی دژەتیرۆ و پێشمەرگە دەکەن، بەپێی شایستە تاپۆ دەکرێن بەناوی خاوەنەکانیانەوە، بەڵام ژمارەیەک لەو زەویانە کە تاوەکو ئێستا رەگەزەکەیان نەگۆڕدراوە بۆ نیشتەجێبوون و هیچ نەخشەیەکی بۆ دانەنراوە، ئەوا ئەوان بەرپرس نین لە هیچ مامەڵەکردنێک پێوەی کە نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتن ئەنجامی دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ