لە لوڕستان پێنج کرێکاری وێستگەیەکی نەوت بەهۆی ژەهراویبوون گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

لە کاتی خاوێنکردنەوەی کۆگەیەکی نەوتی خاو لە وێستگەیەکی پەمپکردنی نەوت لە شاری کویەشتی پارێزگای لوڕستان، پێنج کرێکار گیانیان لەدەستدا. 
 
عیزەتوڵڵا میرحوسێنی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیای هێڵی بۆڕیی نەوتی ئێران، بەیانیی ئەمڕۆ گیانلەدەستدانی ئەو پێنج کرێکارەی لە شاری کویەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستانی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند "ئەوان بەهۆی هەڵمژینی ماددەی ژەهراوییەوە گیانیان لەدەستداوە."
 
ئەو پێنج کرێکارە ئێوارەی رۆژی شەممە 09-12-2023 چووبوونە نێو کۆگەیەکی 20 ملیۆن لیتری نەوتی خاو بۆ ئەوەی خاوێنی بکەنەوە، بەڵام بەگوتەی عیزەتوڵڵا میرحوسێنی، "رێژەی ژەهرایبوونی گازی نێو کۆگەکە هێندە زۆر بووە، کە هەر پێنج کەسەکە گیانیان لەدەستداوە."
 
محەممەد مورادی، قایمقامی شاری کویەشت، گوتی "وێستگەی پەمپکردنی نەوت، نەوتەکەی لێ بەتاڵکراوە، بەڵام لەبەر بڵاوبوونەوەی ماددەی ژەهراوی و ئەگەری ژەهراویبوونی کەسانی دیکەش، کەس ناتوانێت بچێتە شوێنی رووداوەکە، بۆیە دەبێت تەواو دڵنیابینەوە، بۆ ئەوەی هێزە یارمەتیدەرەکان دەستیان بە شوێنی رووداوەکە بگات."
 
بەگوتەی محەممەد مورادی، هێزە یارمەتیدەرەکان لە پارێزگەکانی تاران، خوزستان، مەرکەزی و کرماشانەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە. ئەو بەرپرسە شەوی رابردووش گوتبووی: بەهۆی ئەوەی ماددەی ژەهراوی زۆر مەترسیدار بڵاوبووەتەوە، ئەگەر زۆر کەمە ئەو کرێکارانە زیندوو بمێنن.
 
هەوڵەکان بۆ دەرهێنانی تەرمی ئەو کرێکارانە تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە دەخایەنێت. 
 
عیزەتوڵڵا میرحوسێنی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیای هێڵی بۆڕیی نەوتی ئێران دەڵێ: هەر دوای رووداوەکەوە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون و لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەدا دەکەن، دوای لێکۆڵینەوەی شارەزایان، وردەکارییەکانی رووداوەکە بڵاودەکەنەوە.