لەگەڵ رەنج؛ لە گەرمیان بە 16 ساڵ 35 پرۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان وەرگرتووە

10-12-2023
هیدایەت جان
بەرنامەی لەگەڵ رەنج.
بەرنامەی لەگەڵ رەنج.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جووڵەی بازرگانی لە گەرمیان بەرەو زیادبوون دەروات و ئەندامێکی ژووری بازرگانیی پارێزگای سلێمانی باس لەوە دەکات، زیاتر لە 400 ملیۆنێر لە گەرمیان هەن کە لەو ژمارەیە 250 کەسیان کەلارین، هاوکات، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی ‏گەرمیان دەڵێت، لە ماوەی 17 ساڵی رابردوو 70 پرۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان وەرگرتووە کە لەو ژمارەیە 27 پرۆژەیان یەکەی نیشتەجێبوونە و ئێمە هانی وەبەرهێنەران دەدەین لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیدا وەبەرهێنان بکەن.
 
رۆژی یەکشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداری هونەر مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی ‏گەرمیان؛ عومەر وەلی، بەڕێوەبەری پلان ‌و بەدواداچوون لە ‏ئیدارەی ‏گەرمیان؛ ئەحمەد كەلاری، ئەندامی ئەنجوومەنی كارگێڕیی ژووری بازرگانی ‌و ‏نوێنەری ‏بازرگانانی ‏گەرمیان؛ بارزان عومەر، بەڵێندەر ‌و وەبەرهێنەر لە گەرمیان، هۆشمەند عوسمان، وەبەرهێنەر لە گەرمیان و مەریوان حەسەن، خاوەنی كۆمپانیایەكی كڕین‌ و فرۆشتنی ‏زەوی ‌و ‏خانوو تاوتوێی ئاڕاستەی وەبەرهێنان ‌و جووڵەی بازرگانی لە گەرمیان کرا.
 
 
نزیکەی 25 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون "لە گەرمیان مۆڵەتیان وەرگرتووە"
 
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی ‏گەرمیان دەڵێت، ئەم ساڵ مۆڵەتیان بە 12 پرۆژەی نیشتەجێبوون لە گەرمیان داوە و باس لەوە دەکات کە لە کۆی 27 پرۆژەی نیشتەجێبوون کە لە ماوەی 17 ساڵدا لە گەرمیان مۆڵەتیان وەرگرتووە، "25 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونیان لەخۆ گرتووە".
 
هونەر مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی ‏گەرمیان دەڵێت؛ "ئەم ساڵ مۆڵەتی کارکردنمان بە 12 پرۆژەی نیشتەجێبوون لە گەرمیان داوە، لە 17 ساڵی رابردوو مۆڵەتی وەبەرهێنان لە گەرمیان دراوەتە 70 پرۆژە کە لەو ژمارەیە 27 پرۆژەیان نیشتەجێبوونە".
 
لەبارەی ژمارەی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، هونەر مەحموود گوتی: "تاوەکو ئێستا لە گەرمیان سێ هەزار و 500 یەکەی نیشتەجێبوون بە مۆڵەتی وەبەرهێنان تەواوبووە و لە کۆی ئەو 27 مۆڵەتەی دراوە بە وەبەرهێنەران 24 هەزار و 900 یەکەی نیشتەجێبوونە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی ‏گەرمیان ئاماژە بە هاندانی وەبەرهێنەران دەکات لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە بۆ ئەوەی زیاتر روو لە پرۆژە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکان بکەن و دەشڵێت: "ئەم ساڵ مۆڵەتی وەبەرهێنانمان بە 5 پرۆژەی کشتوکاڵی داوە و هەموو هاندانی ئێمە بۆ ئەوەیە وەبەرهێنەران لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵدا لە گەرمیان وەبەرهێنان بکەن".
 
 
حکومەت 21 پرۆژەی راگەیاندووە و "کەس نییە وەریبگرێت"
 
بەڕێوەبەری پلان ‌و بەدواداچوون لە ‏ئیدارەی ‏گەرمیان دەڵێت، ئەم ساڵ 21 پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە کەلار راگەیەنراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی وەبەرهێنەران پێشتر پرۆژەیان بۆ حکومەت کردووە و تاوەکو ئێستا پارەکانیان وەرنەگرتووە، کەس ئامادە نییە هیچ یەک لەو پرۆژانە وەربگرێت".
 
عومەر وەلی، بەڕێوەبەری پلان ‌و بەدواداچوون لە ‏ئیدارەی ‏گەرمیان رایگەیاند، "148 پرۆژەی خزمەتگوزاریی لە گەرمیان هەن کە 62یان پرۆژەی ساڵانی پێشوون و وەستاون و 18 پرۆژە بە خاوی کاریان تێدا دەکرێت".
 
لەبارەی هۆکاری خاو بەڕێوەچوونی پرۆژەکان عومەر وەلی گوتی: "لەبەر ئەوەی کاتێک وەبەرهێن بەشێک لە پرۆژەکەی بەپێی گرێبەست تەواو دەکات و کاتی وەرگرتنی سولفەی پارەیە، حکومەت پارەکەی بۆ تەرخان دەکات، بەڵام پارەی کاش نییە بۆ ئەوەی وەریبگرێت".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری پلان ‌و بەدواداچوون لە ‏ئیدارەی ‏گەرمیان، "ئێستا 21 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە گەرمیان راگەیەنراون، بەڵام هیچ وەبەرهێنێک ئامادە نییە وەریانبگرێت، بەهۆی ئەوەی پێشتر پرۆژەی تەواوکردووە و تاوەکو ئێستا پارەکەی پێ نەدراوە".
 
دوو هەزار و 400 دۆنم زەوی لە کەلار بۆ ناوچەی پیشەسازی تەرخانکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ خزمەتگوزارییەکی وەکو کارەبا و رێگەوبانی بۆ نەکێشراوە و وەکو عومەر وەلی ئاماژەی پێدەدات، "پێشتر هەوڵمان داوە سەرمایەدارانی وڵاتانی عەرەبی بهێنین و لەو ناوچەیە وەبەرهێنانیان پێ بکەین، بەڵام نەمانتوانیوە سەرکەوتوو بین".
 
 
گەرمیان "زیاتر لە 400 ملیۆنێری هەیە"
 
ئەندامێکی ئەنجوومەنی كارگێڕی ژووری بازرگانی ‌و ‏نوێنەری ‏بازرگانانی ‏گەرمیان دەڵێت، لە گەرمیان زیاتر لە 400 ملیۆنێر هەن کە بەشێکیان "لە ترسی ئەوەی کێشەیان بۆ دروست بکرێت، ناوێرن سەرمایەکانیان بخەنە کار". 
 
ئەحمەد كەلاری، ئەندامی ئەنجوومەنی كارگێڕی ژووری بازرگانی ‌و ‏نوێنەری ‏بازرگانانی ‏گەرمیان گوتی، "لە کەلار زیاتر لە 250 ملیۆنێر هەن و لە هەموو ئیدارەی گەرمیان ژمارەی ئەو ملیۆنێرانە دەگاتە سەروو 400 کەس، بەڵام بە چەندین هۆکاری جیاواز بەشێک لەو بازرگانانە سەرمایەکانمان لە گەرمیان ناخەنە کار".
 
ئەحمەد کەلاری دەڵێت، "ئێستا مەزندە دەکرێت زیاتر لە یەک ملیار دۆلار پارەی نوستوو لە ماڵەکاندا هەبێت، لەبەر ئەوەی  بازرگان هەیە دەیەوێت گارگەی گەورە دروستبکات، بەڵام لەوە دەترسێت کێشەی بۆ دروستبکەن و داوای پشکی لێ بکەن". 
 
 
بووژانەوەی دیالە "کاریگەری لەسەر گەرمیان هەبووە"
 
بەڵێندەرێکی گەرمیانی پێیوایە بووژانەوەی دیالە و پارێزگاکانی عێراق کاریگەریی لەسەر بازاڕ و بووژانەوەی گەرمیان و شارەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە و پێیوایە، بەهۆی کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەران لە عێراق، وەبەرهێنەری کورد روو لە عێراق دەکەن و پرۆژەی وەبەرهێنان وەردەگرن.
 
بارزان عومەر، بەڵێندەر ‌و وەبەرهێنەر لە گەرمیان دەڵێت؛ "سەرباری ئەوەی هیچ پارەیەکی ئەوتۆ بۆ بووژانەوەی ئەم شارە تەرخان نەکراوە، بەڵام کەلار بەردەوام لە گەشەکردندایە، ئەمەش داهێنانێک بوو لەلایەن شارەوانییەوە کە سیستەمێکیان دانا، هەر وەبەرهێنێک پرۆژەیەکی پێدرا، لەبری ئەم پرۆژەیە خزمەتێکی گەرمیان بکات".
 
ئەو بەڵێندەرە پێیوایە؛ "ئێستا دیالە لە بووژانەوەدایە و بەشێک لە وەبەرهێنەران روویان کردووەتە ئەم پارێزگایە، ئەوەش وای کردووە کاریگەری هەبێت لەسەر گەرمیان، واتا بەگشتی بووژانەوە و ئاسایشی عێراق کاریگەری هەبووە لەسەر ئەوەی تەنانەت خەڵکی گەرمیانیش کە جاران دەچوون بۆ سلێمانی و هەولێر خانوویان دەکڕی، ئێستا لە بەغدا خانوو دەکڕن".
 
بارزان عومەر ئاماژە بە چوونی وەبەرهێنەر و سەرمایەدارانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ خواروو و نێوەڕاستی عێراق و دەشڵێت؛ "ئەو کارئاسانییەی بۆ بەڵێندەران لە عێراق دەکرێت، بەپێچەوانەی یاسا و رێساکانی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانە و لێرە بەڵێندەران پرۆژە تەواودەکات و رادەستی حکومەتی دەکاتەوە، کەچی حکومەت پارەکەی ناداتەوە".
 
 
بازاڕی خانووبەرە لە کەلار "لاواز بووە"
 
هۆشمەند عوسمان، وەبەرهێنەر لە گەرمیان باس لەوە دەکات کە بازاڕی یەکەی نیشتەجێبوون لە کەلار بەرەو کزی رۆیشتووە و دەڵێت: "یەک لە هۆکارەکانیش زیادبوونی مۆڵەتی پرۆژەی نیشتەجێبوونە، کە ئەوە وای کردووە ژمارەی یەکەکان زیاتر لە ئاستی پێویستیی بازاڕ بێت".
 
هاوکات، مەریوان حەسەن، خاوەنی كۆمپانیایەكی كڕین‌ و فرۆشتنی ‏زەوی ‌و ‏خانوو پێیوایە؛ "دەستێک هەیە بۆ شکاندنی بەهای خانوبەرە لە گەرمیان، ئێستا تا دێت بازاڕی خانووبەرە لەچاو ساڵانی پێشوو سستتر دەبێت، ئەوە لەکاتێکدایە کڕینی موڵک لە گەرمیان وەکو کولتوورێکی لێهاتووە و کەس هەیە 50 خانووی هەیە، ئینجا سەرباری ئەمەش بازاڕی خانووبەرە بەتایبەت لە یەکەکانی نیشتەجێبووندا سست بووە".
 
.

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."