تەرمی چوار ئەندامی خێزانێک کە لە ئاگرەکەی سۆران گیانیان لەدەستدا لە هەولێر بەخاکسپێردران
رووداو - هەولێر
تەرمی چوار لەو قوربانیانەی لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران گیانیان لەدەستدا لە هەولێر بەخاکسپێردران، ئەو چوار قوربانییە ئەندامی یەک خێزان بوون و رێوڕەسمی بەخاکسپاردنیان لەلایەن زانکۆی سۆرانەوە رێکخرا.
دکتۆر شێروان شەریف، سەرۆکی زانکۆی سۆران رایگەیاند، "رێوڕەسمی ماتەمینی رێکخراوە بۆ ئەم بنەماڵەیە و تەواوی کەسەکانی دیکە لە شاری سۆران بە هاوبەشی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەروەها پرسەکەشیان لە مزگەوتی شەوکەت شێخ یەزدین دەبێت لە سۆران."
ئەو چوار ئەندامەی خێزانە عەرەبەکە، کە لە هەولێر بەخاکسپێردران، هەریەکە لە مەهدیە خزیری تەمەن 69 ساڵان، ئیلهام وەحیدە، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سۆران کە تەمەنی 47 ساڵە و رەنا وەحید، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و کارمەندی تاقیگەی نەخۆشخانەی ئاشتی کە تەمەنی 42 ساڵە و هەردووکیان کچی مەهدیەن، لەگەڵ کوڕێکی بەناوی محەممەد وەحید، قوتابیی دکتۆرا لە زانکۆی سۆران کە تەمەنی 48 ساڵ بوو، بەهۆی دووکەڵی کاتی ئاگرکەوتنەوەکەوە لە سۆران گیانیان لەدەستدا.
عەباس و حوسێن لە رووسیا و تاجیکستانەوە هاتوونەتەوە تاوەکو بە دەستی خۆیان دایک، برا و دوو خوشکەکەیان بەخاکبسپێرن، برایەکیشیان لە ئەمریکایە و نەیتوانی بەشداریی رێوڕەسمەکە بکات.
دکتۆر عەباس وەحید، کەسوکاری قوربانییەکان دەڵێت، "ئەمە قەزا و قەدەرە، سوپاسگوزاری خوداین لەسەر هەموو شتێک و دەڵێین: انا للە وانا الیە راجعون. هەولێر شارێکی جوانە و کەسانێکی باش و رەوشت بەرزن، رۆشنبیریی هاوبەشمان هەیە، بێگومان لە هەولێر دەیانهێڵینەوە."
دوای سێ رۆژ لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە، رۆژی یەکشەممە دوو لە قوربانییەکان، کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن، رەوانەی زێدی خۆیان کران؛ بەو جۆرەش تێکڕای مردووەکان، کە 14 کەس بوون، بەخاکسپێردران.