رووداو دیجیتاڵ
کارگەی چیمەنتۆی ئیلام، سەرچاوەیەکی پیسکردنی ژینگەیە؛ رۆژانە بڕێکی زۆر دووکەڵ و مادەی دیکەی پیسکەری هەوا و ژینگە بە ئاسمانی ئەم پارێزگایەدا بڵاودەکاتەوە، بۆیە هەندێک کەس لە ئیلام پێی دەڵێن "کارخانەی تەپوتۆز."
پاراستنی ژینگەی پارێزگای ئیلام دوو رۆژ لەمەوبەر رایگەیاند، کارگەی چیمەنتۆی ئیلام کۆن بووە. هەرچەندە ساڵانە نۆژەنیش دەکرێتەوە، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا هەوای ئیلامی پیس کردووە و بەرپرسەکانیشی گوێیان بە هۆشدارییەکان نەداوە و پابەندی رێوشوێنەکانی پاراستنی ژینگە نەبوون، بۆیە لە دادگا سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.
بە گوتەی عەلیڕەزا محەممەدی، بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی پاراستنی ئیلام، ساڵی رابردوو 30 یەکەی پیشەسازیی ئەو پارێزگایە لە پیشەسازییە پیسکەرەکانی ژینگە بوون و ئەم ساڵیش 28 یەکەیان وەکو یەکەی پیسکەری ژینگە تۆمار کراون.
هەموو ئەوانە لە کارگە سەرەکی و گەورەکانی پارێزگای ئیلام بوون. بۆ نموونە پترۆکیمیایی ئیلام، کە بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگە سکاڵای لەسەر ئەویش تۆمار کردووە و هێشتا دۆسیەکەی لە دادگەیە.
هۆکاری ئەو دووکەڵە بۆ زۆریی کارگەکان بۆ سووتاندنی نەوتی رەش دەگەڕێتەوە، رۆژانە دەیان هەزار بەرمیل نەوتی رەش لە پاڵاوگەکانی ئێراندا بەرهەم دێن، بەڵام چونکە هەناردە ناکرێت، لەجێی گاز، بە کارگەکان دەدرێت. نەوتی رەشی ئێران 3.5%ی قوڕقوشمە، بەم پێیەش خەڵک رۆژانە دەیان هەزار بەرمیل قوڕقوشم هەڵدەمژن، کە ئەمەش سەرچاوەی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی وەکو شێرپەنجەیە.
لەم وەرزەدا کە هەوا ساردە، دیاردەی پیسبوونی ژینگە چڕتر دەبێتەوە، هەوای سارد وادەکات مادە پیسکەرەکانی ژینگە بە ئاسماندا کەمتر بڵاوببنەوە و بەنێو شارەکان شۆڕ دەبنەوە، بۆیە کەشێکی مەترسیدار دروست دەکەن.
هۆکارەکانی دیکەی پیسکردنی ژینگە زۆرن، لەوانەش ئۆتۆمبێلی کوالێتی نزم یان سووتاندنی گازی پاڵاوگەکانی نەوت و گاز، کە بڕێکی زۆر مادەی ژەهراوی بڵاودەکەنەوە.
پاراستنی ژینگەی ئیلام لە هەوڵدایە ئەو کارگانەی ژینگە پیس دەکەن دادگایی بکرێن و دادگاش دەبێت سزای قورسیان بەسەردا بسەپێنێت، بۆئەوەی دووبارەی نەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ