رووداو - هەولێر
سەمیرە بەدەست ئازاری گورچیلەکانیەوە دەناڵێنێت، نۆ مانگە هەردوو گورچیلەکانی وەستاون و پێویستی بە نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەیە، وەستانی گورچیلەکانی لە زۆربەی خۆراک و خواردنەوەکان بێبەشی کردووە.
سەمیرە ساڵح، نەخۆش دەڵێت، "هەموو هیوایەتی من ئەوەیە بە ئارەزووی خۆم ئاو بخۆمەوە. ئێستا ناتوانم ئاو بخۆمەوە، چونکە گورچیلەکانم وەستاون و پێویستم بە نەشتەرگەرییە."
سەمیرەی تەمەن 57 ساڵ، نۆ مانگە کەوتووەتە سەر جێگە، وەستانی گورچیلەکانی کاریگەریی لەسەر بەشێک لە ئەندامەکانی دیکەیشی دروستکردووە، بە جۆرێک کە هەناسەتەنگی و بەرزیی پەستانی خوێن زیاتر گوشاریان بۆ هێناوە.
سەمیرە ئاماژە بەوە دەکات، "دکتۆر پێی گوتم ئەو کەسەی گورچیلەت بداتێ نابێت نەخۆشیی شەکرە و پەستانی خوێن و چەند نەخۆشییەکی دیکەی هەبێت. براکەم گوتی، گورچیلەت پێدەبەخشم، بەڵام چونکە شەکرەی هەیە، دکتۆر گوتی خۆی پێویستی پێیەتی."
بۆ درێژەدان بە ژیان، سەمیرە هەفتەی سێ جار پێویستی بە شووشتنی گورچیلەیە، بەڵام بەهۆی خراپیی دۆخی دارایی دوو جار لە هەفتەیەکدا پرۆسەی شووشتن بۆ گورچیلەکانی ئەنجام دەدات.
دکتۆر بەکر عەبدولڕەحمان، پسپۆڕی هەناو و نەخۆشییەکانی گورچیلە دەڵێت، "هەندێک نەخۆش هەن، لەکاتی شووشتنی گورچیلە، گورچیلەکانی کار دەکەنەوە، بەڵام سەمیرە هەر بە تەواوی هەردووکی وەستاون، یان دەبێت بەردەوام شووشتنی گورچیلەی بۆ بکرێت یان نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە."
سەمیرە 18 ساڵە کارگوزارە و مووچەکەی 400 هەزار دینارە، تێچووی وەرگرتنی چارەسەری مانگانەی نزیکەی 200 هەزار دینار دەبێت؛ بۆ نەشتەرگەرییەکەشی نزیکەی 25 بۆ 30 ملیۆن دیناری پێویستە، چاوی لە دەستی خێرخوازانە تاوەکو رزگاری ببێت لە نەخۆشییەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ