بەربژێرانی لایەنە جیاوازەکان لە شنگال دەستیان بە بانگەشە کردووە؛ 'بانگەشەکردن بۆ ئێمە زەحمەتترە'

رووداو دیجیتاڵ

بەربژێرانی لایەنە جیاکان لە شنگال، دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکانی عێراق کردووە، بەڵام دەڵێن بانگەشەکردن بۆ ئەوان زەحمەتترە بەهۆی ئەوەی هێشتا بەشێکی زۆری دەنگدەرانیان لە ئاوارەیی و لەنێو کەمپەکاندا دەژین.
 
رەشید حوسێن، بەربژێری پارتییە و دەستی بە سەردانەکان کردووە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ. ئەو بەتایبەتی سەردانی ئاوارەکان دەکات.
 
رەشید حوسێن، بەربژێر لەسەر لیستی پارتی دەڵێ "دەستمان بە بانگەشە کردووە و ئەوە چەند رۆژێکە بەنێو خەڵکی خۆماندا دەگەڕێین بەتایبەتی ئەوانەی ئاوارەن و لەنێو کەمپەکاندا دەژین. زۆر دەنگدەری ئێمە لەنێو کەمپەکاندا هەن و هەوڵدەدەین بۆ یەکەمجار بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەین، دواتر داوایان لێدەکەین دەنگ بدەن بە لیستەکەمان."
 
قائید ئەلیاش، بەربژێری یەکێتییە لەنێو لیستی یەکێتیی خەڵکی نەینەوا، ئەویش سەردانی دەنگدەرانی دەکات. قائید ئەلیاس دەڵێ "کاتێک سەردانیان دەکەین، بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆمان بۆیان باس دەکەین، هەوڵدەدەین خەڵکەکەمان بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، ئەم هەڵبژاردنە بۆ خەڵکی شنگال زۆر گرنگە."
 
کۆمیۆسیۆن ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردن کردووە کە بۆ ئاوارەکان لەگەڵ دەنگدانی تایبەت لە 16-12-2023ـدا دەکرێت.
 
خالید عەباس، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆن دەڵێ "توانیمان 40 هەزار ئاوارە تۆماربکەین و دەنگدانیان بخەینە پارێزگەی دهۆک بەڕێگەی 24 بنکەی دەنگدان کە 17ـیان لەنێو کەمپەکان و حەوتیشیان لە دەرەوەی کەمپن... لەڕووی لۆجستیشەوە وەک دابینکردنی ئامێر و فەرمانبەریش، نووسینگەی دهۆک سەرپەرشتیی ئەو بنکانە دەکات.''
 
نزیکەی 30 بەربژێری خەڵکی شنگال لەنێو لیستی جیاجیا بەربژێرن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا، بەشێکیان بۆ کورسیی کۆتای ئێزدییان و ئەوانەی دیکەش بۆ کورسییە گشتییەکانە، کە ژمارەیان 26 کورسییە.
 
بەشێکی بەربژێرانی خەڵکی شنگال دەڵێن بانگەشەکردن بۆ ئەوان زەحمەتترە لە بەربژێرەکانی دیکە، چونکە رێژەیەکی زۆری دەنگدەرانی ئەوان هێشتا لە دەربەدەری و ئاوارەییدا دەژین و داخوازییان ئەوەیە لەو ژیانەی کەمپ و ئاوارەیی رزگاریان ببێت.