لە دێرەلووک بەهۆی گڕگرتنی بوتڵێکی گازەوە قوتابخانەیەک چۆڵدەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

بەھۆی گڕگرتنی بوتلێکی گاز کە لەسەربانی قوتابخانەیەک لە ناحیەی دێرەلووک لە سنووری ئامێدی دانرابوو، قوتابخانەکە چۆڵکرا.
 
قوتابخانەکە ناوی "زەھریرا"ـی سریانییە. بەهۆی گڕگرتنی ئەو بوتڵە گازەوە، ئەمڕۆ شەممە، 10-12-2022، دەوامی ئێوارە راگیرا و قوتابخانەکە لە قوتابییان چۆڵکرا. 
 
غازی عزەت، بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلووک بە وەکالەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کێشەکە چارەسەر کرا و هیچ کەسێک بەهۆی رووداوەکەوە زیانی بەرنەکەتووە.
 
بەڕێوبەری ناحیەی دێرەلووک بە وەکالەت گوتیشی، "بۆتلێکی ئاسایی گازبوو و، گڕی گرت، ھەر زوو کۆنترۆلکرا، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێی لای قوتابییان دروست کرد، بۆیە قوتابخانەکە چوڵکرا".