پێشبینیی دەکرێت شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستان بگرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای رۆژی یەکشەممە راگەیاند. کەشناسێکیش دەڵێت، شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
 
رۆژی شەممە، 10-12-2022، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی کاریگەریی نزمەپاڵەستۆی دەریای نێوەڕاست و هاتنی شێ لە دەریای سوورەوه، پێشبینی دەکەین شەپۆلێکی بارانبارین لە بەرەبەیانی چوارشەممە 14ـی ئەم مانگەوە باشووری کوردستان بگرێتەوه و لە هەندێک شوێن بەشێوەی لاواز بۆ مامناوەند باران ببارێت. بارانبارینەکە شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی کۆتایی دێت".
 
بە گوتەی ئەو کەشناسە، زۆرترین بڕی بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی راپەڕین و دەوروبەری کەرکووک و رۆژهەڵاتی گەرمیان دەبێت.
 
هەر ئەمڕۆ شەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێ پەڵە هەوری جیا جیا. پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوی رۆژی پێشتر.
 
- هەولێر؛ 18 پلەی سیلیزی
- سلێمانی؛ 17 پلەی سیلیزی
- دهۆک؛ 18 پلەی سیلیزی
- کەرکووک؛ 21 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە؛ 18 پلەی سیلیزی
- زاخۆ؛ 18 پلەی سیلیزی
- سۆران؛ 16 پلەی سیلیزی
- گەرمیان؛ 22 پلەی سیلیزی