باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق: نیگەرانین لە کوژران و برینداربوونی خۆپێشاندەران لە پارێزگای سلێمانی

10-12-2020
بڕوا کیانی @brwakyani
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی فەرەنسا لەبارەی خۆپێشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، نیگەرانن لە کوژران و برینداربوونی دەیان خۆپێشاندەر لە پارێزگای سلێمانی. دەشڵێت، دەبێت خۆپێشاندان بەشێوازی ئاشتیانە بێت. 
 
چەند رۆژێکە خۆپێشاندان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، خۆپێشاندەران داوای مووچە و دابینکردنی ژیانێکی باشتر دەکەن. بەهۆی دروستبوونی گرژیش لە خۆپێشاندانەکان، تاوەکو ئێستا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش لە خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بوون. 
 
باڵیۆزی فەرەنسا لە پەیامەکەیدا داوای دانبەخۆداگرتن لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، دەبێت رێز لە مافی خۆپێشاندەران و دەربڕینی بیروڕاکانیان بگیرێت جا چ لە رێگەی میدیاوە بێت یان خۆپێشاندان لە شوێنەگشتییەکاندا. 
 
خۆپێشاندەران لە بەشێک لە شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان هێرشیان کردووەتە سەر بارەگا حیزبی و حکومییەکان و سووتاندوویانن، یان بەردبارانیان کردوون. باڵیۆزی فەرەنسا جەختدەکاتەوە کە مافی خۆپێشاندان دەبێت بەشێوەیەکی ئاشتییانە پەیڕەو بکرێت. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی کانوونی یەکەمی 2020، چەند چالاکڤانێکی سیاسیی هەرێمی کوردستان کە دیارترینیان عەبدوڵڵا مەلا نووری، ئەندامی پیشووتری پەرلەمانی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و شێرکۆ محەممەد ئەمینن، داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەن پاڵپشتی لە خۆپێشاندانی گەنجان بکەن و بۆ ئەو مەبەستە رۆژی هەینی، 11-12-2020 خۆپێشاندانی "ناتووندوتیژ"ی فراوان لە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەببەن.
 
ئەو چالاکڤانانە ناوی خۆیان ناوە "کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان" و داوا لە ژنان، گەنجان، مامۆستا، فەرمانبەر، کاسبکار، خوێندکار و رۆشنبیران دەکەن بەشداریی خۆپێشاندانەکە بکەن. داوا لە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتیش دەکەن لەگەڵیان بەشداربن لە خۆپێشاندان. بڕیارە خۆپێشاندانەکەش لەبەردەم بینای پارێزگاری سلێمانی بەڕێوەبچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان

هێزەکانی کۆماندۆ: پێشمەرگەیەکی خۆمان بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵەکەی راپەڕین دەستگیر کرد

فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان رایگەیاند، بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵەکەی شەوی رابردووی گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبار فەیزوڵڵا فەتحوڵڵا محێدین، پێشمەرگە لە هێزەکانی کۆماندۆیان دەستگیر کردووە