کوردی ئێزدی بە وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لەلایەن نادیە مورادەوە دڵخۆشن

10-12-2018
ئەیوب نەسری
ئەیوب نەسری
ئاوارەی ناو کەمپەکان داوا لە نادیە موراد دەکەن ، زیاتر دەنگی ئەوان بگەیێنێتە جیهان
ئاوارەی ناو کەمپەکان داوا لە نادیە موراد دەکەن ، زیاتر دەنگی ئەوان بگەیێنێتە جیهان
نیشانەکردن نادیە موراد
A+ A-

رووداو - دهۆک

کوردی ئێزدی بە وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لەلایەن نادیە مورادەوە دڵخۆشن، برایەکەی نادیە موراد دەڵێت، هیوادارم خەڵاتەکەی ببێتە دەرگەیەک بۆ ئەوەی جیهان بایەخی زیاتر بە کوردانی ئێزدی بدات.

نادیە موراد خۆی خەڵکی گوندی کۆچۆیە لە باشووری شنگال و رزگاربوویەکی دەستی داعشە، ئاوارەی ناو کەمپەکان دەڵێن، بەوەرگرتنی خەڵاتێکی جیهانی بۆ کچە کوردێکی ئێزدی دڵخۆشین. داواش لە نادیە موراد دەکەن، زیاتر دەنگی ئەوان بگەیێنێتە جیهان.

ته‌علێ موراد، ئاواره‌ی یەکێک لە کەمپەکانی دهۆک دەڵێت: "ئەو وەک کچی منە ، وا دەزانم کچەکەی خۆم ئەو خەڵاتەی وەرگرتووە، ئێمە دەمانەوێت ئێزدییەکان سەرکەون و بگەڕێینەوە سەر زێدی خۆمان".

بەشێک لە کەسوکاری نادیە موراد لە کەمپی ئاوارەکان دەژین ، ئەوانیش وەک خەڵک چاوەڕێن وەرگرتنی خەڵاتەکە ببێتە دەرگەیەک زیاتر گرنگی بە پرسی کوردانی ئێزدی لە جیهان بدرێت.

حوزنی موراد، برای نادیە موراد بە رووداوی راگەیاند: "داوا دەکەم نادیە موراد کاری زیاتر بۆ خەڵکی شنگال بکات ، چونکە خەڵکەکە هەمووی ئاوارەبوون و دەمانەوێت شنگال جارێکی دیکە ئاوەدان بکرێتەوە و خزمەتگوزاری زیاتری پێشکەش بکرێت".

زیاتر لە 360 هەزار کوردی ئێزدی خەڵکی شنگال لەناو خێوەتی ئاوارەکان دەژین، زیاتر لە سێ هەزاری دیکەش هێشا لەژێر دەستی چەکدارانی داعش دان.

کچە کوردی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش، نادیە موراد، ئەمڕۆ (دووشەممە، 10-12-2018) لە ئۆسلۆ لە رێوڕەسمی  دابەشکردنی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ رایگەیاند "جینۆسایدکردنی ئیزدییەکان ژیانی تەواوی کۆمەڵگەی ئێزدییەکانی گۆڕی... دەبێ تاوانبارانی جەنگ دژ بە ئیزدییەکان سزابدرێن".

دەقی گوتەکانی نادیە موراد لەکاتی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە