رووداو پشکی پارتی و یەکێتی و گۆڕان لە کابینەی نۆیەم ئاشکرا دەکات

10-12-2018
نەوزاد مەحموود
نیشانەکردن حکومەت پەرلەمان پارتی یەکێتی گۆڕان
A+ A-

رووداو - سلێمانی 

بەپێی ئەو خشتەیەی شاندی پارتی بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەكان دایناوە، دەیەوێ پێش كۆتایی 2018 دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێ و دوای كۆتایی پشووی سەری ساڵ، كۆبوونەوەكان بۆ قسەكردن لەسەر وردەكاریی پێكهێنانی حكومەت دەستپێدەكەن. ئەندامێكی شاندی دانوستاندكاری پارتی دەڵێ: "ئەمڕۆ دووشەممە كۆدەبینەوە و دواتر سەردانی لایەنەكان دەكەین". پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتیش پێیوایە "ئەگەر لایەنەكان لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان پێكبێن، پێكهاتن لەسەر حكومەت ئاسان دەبێ".

رۆژی سێی ئەم مانگە ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی بەربژێرانی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستنیشان كرد. ئەوەش هیچ بیانوویەكی نەهێشتەوە بۆ دواكەوتنی گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كە ئێستا رۆژەڤێكی گەرمە لە باشووری كوردستان. بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) رۆژی سێشەممە شاندێكی پارتی بە سەرۆكایەتی ئازاد بەرواری سەردانی سلێمانی دەكەن و لەگەڵ یەكێتی كۆدەبنەوە و پاشتریش دەچنە گردی زەرگەتە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان.

ئەندامێكی شاندی دانوستاندنكاری پارتی دەڵێ ئەمڕۆ دووشەممە 10/12/2018 كۆبوونەوەیەكی نێوخۆیی دەكەن و دواتر دەست بە سەردانەكانیان دەكەن بۆ لای هێزە براوەكانی هەڵبژاردن: "ئەو وردەكارییەی لەنێو خەڵك باس دەكرێ، هێشتا دەنگۆ و زانیاریی ناڕاستن و لەدوای دەستپێكردنی گفتوگۆكانەوە روون دەبێتەوە حكومەتی نوێ چۆن پێكدەهێنرێ".

بەڵام ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ پارتی شاندی دانوستاندن لەسەر بنەمای 50 بە50 رەوانەی لای لایەنەكان ناكات و كۆبوونەوەكان كراونەتە دوو پاكێج :"سەرەتا كار بۆ ئەوە دەكرێ پێش كۆتایی ئەمساڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت یەكلا بكرێتەوە، دواتر وردەكارییەكانی پێكهێنانی حكومەت دەبێتە پاكێجی دووەمی دانوستاندنەكان كە ئەویش لە دوای پشووی سەری ساڵەوە دەستپێدەكات".

هێڤیدار ئەحمەد، نەرمبڕیی پارتی لە دانوستاندنەكان بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كە پارتی نایەوێ 23ـی حوزەیران دووبارە ببێتەوە و هەوڵی زۆر دەدات بۆ ئەوەی بە رێككەوتن سەرۆكایەتییەكان و پۆستەكان دیاریی بكرێن "بەڵام لەنێو پارتی رایەك هەیە كە حەزی لە بەشداریی كۆمەڵی ئیسلامی نییە، بەڵام ئەوە بڕیاری كۆتایی و فەرمی نییە و شاندی دانوستاندكار بە گفتوگۆ ئەوە یەكلایی دەكاتەوە".

پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان حیزبەكان لە ماوەی رابردوودا، بەشێكی بۆ جەختكردنەوە بووە لەسەر ئەوەی دەستەی سەرۆكایەتی دیاری بكرێت و دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی و لیژنەكانی پەرلەمان، سەرۆكایەتی پەرلەمان بەربژێری پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەت راسپێرێ بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەتەكەی، بەڵام پارتی دەیەوێ لەگەڵ پرسی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا، پۆستەكانی حكومەتیش لە گرێ و گۆڵی ناكۆكی نێوان حیزبەكانیش دەربهێنێ، بۆ ئەوەی كاتێك بەربژێرەكەی رادەسپێدرێت، نیوەی رێگاكەی بڕیبێت.

زیاد جەبار، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان،  پێیوایە "پێكهاتن لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پێكهاتن لەسەر وردەكارییەكانی حكومەتیش ئاسان  دەكات". ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، بە دروستی نازانێ پارتی بە سیستمی خاڵ و ژمارەی كورسییەوە دەست بە گفتوگۆ بكات و پێیوایە ئەو كوردستانە بەهێزەی پارتی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاندبوو، بە حكومەتێكی بەهێز دێتەدی "حكومەتی بەهێزیش ئەوەیە كە بەشداربووەكانی بەراستی تێیدا بن و پێیەكیان لە نێو ئۆپۆزسیۆن نەبێ، هەر بۆیە پارتی و یەكێتی پێكەوە دەتوانن ئەو حكومەتە بەهێزە دروستبكەن".

هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە كە بەلای پارتییەوە هێزێكی داواكراوە بۆ بەشداریی لە حكومەت، دەیەوێ لە زمانی شاندی پارتییەوە ئەو دڵنیاییەی دەستبكەوێ كە ئەوەی مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگەی كابینەی نوێ‌ پێینەكرا، لەو كابینەیەدا دەكرێ؟ ئایا هێزەكانی پێشمەرگە دەكرێنەوە یەك و كێشەی دارایی چارەسەر دەكرێ؟ 

بەرپرسێكی بزووتنەوەكە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، نایشارێتەوە ئەگەر لەسەر ئەوە پێكبێن، ئەوكات گۆڕان پرسیاری ئەوە دەكات كە لەو حكومەتەدا كام پۆستانەی پێدەدرێ "دواتر بەڵێنەكانی شاندی پارتی دەبرێنە كۆبوونەوەی جڤات و لەوێ بڕیاری كۆتایی دەدرێ كە ئاخۆ گۆڕان بەشداریی حكومەت دەكات یان نا".

پارتی دیموكراتی كوردستان، پێویستی بە چوار ساڵی ئارامە بۆ ئەو حكومەت و كوردستانە بەهێزەی بەڵێنی لەسەر داوە. دڵنیابووە لەوەی ئەو ئارامییەشی بۆ دەستەبەر نابێ، ئەگەر بەژمارە 21 و 12 یەكێتی و گۆڕان بخوێنێتەوە. كەواتە پۆستی وەزارەتەكان چۆن دابەشدەكرێن؟ 

هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمنتاری فراكسیۆنی پارتی، بە پشتبەستن بە زانیارییەكانی دەڵێ "دابەشكاریی وەزارەتەكان بەشێوەیەكە "پارتی 9 وەزارەت و یەكێتی 5 وەزارەت و بزووتنەوەی گۆڕان 3 وەزارەت و توركمانە و كریستیانەكانیش هەریەكە و وەزارەتێكیان بەردەكەوێ، بەڵام هێشتا ئەوە روون نییە كە كام وەزارەتانەیە".

بەڵام ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت دابەشكردنی پۆستەكان لەسەر بنەمای خاڵ لای ئەوان رەتكراوەیە :"ئێمە لەرێگای جوگرافیا و واقیعی دەسەڵاتی دوو پارێزگا كە رووبەری 625 كیلۆمەترە و زیاترە لەو رووبەرەی بەدەست پارتییەوە گفتوگۆ دەكەین، نەك ئەوەی چەند كورسیمان هەیە". ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی گوتیشی :"لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعشدا لە پارتی قوربانی و شەهیدمان زۆرتر داوە و ئیدارەی ئەم ناوچەیە لای ئێمەیە و ناكرێ باسی ئەو جۆرە دابەشكارییانە لای ئێمە بكرێ، بەڵام بەهەر حاڵ ئێمە چاوەڕوانی  شاندی دانوستاندنكاری پارتین".

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێیوایە  ئەگەر لایەنەكان بتوانن لەسەر دابەشكردنی سەرۆكایەتییەكان رێكبكەون :"رێككەوتن لەسەر  وەزارەتە سیاسییەكانیش قورس نابێت، ئەو وەزارەتانەی كە زۆرتر چاویان لەسەرە، وەزارەتی دارایی، سامانە سرووشتییەكان، ناوخۆ، پێشمەرگەن، ئەوانیش بەپێی رێككەوتن لەسەر سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمان دابەش دەكرێن".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە