رووداو - هەولێر
گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت رادیۆ و تەلەڤزیۆنەکان زیاتر لە یەک ملیار و 274 ملیۆن دینار قەرزدارن، بۆ دوایین جاریش ئاگاداریان دەکاتەوە ئەگەر تاوەكو سەری ساڵ قەرزەكانیان نەدەنەوە، جگە لە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەكانیان، پەخشەكانیان رادەگرن.
فەرهەنگ گۆمەشینی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "بەشێكی زۆری كەناڵەكانی راگەیاندن(رادیۆ و تەلەڤزیۆنە نێوخۆیی و ئاسمانییەکان) مۆڵەتی كاركردنیان نوێنەكردووەتەوە، بەو هۆیەوە قەرزدارن و قەرزەكانیشیان لە "زیادبووندایە، بۆیە دوا ئاگاداركردنەوەیان پێدەدەین.
بە ئاماژەکردن بەوەی سەرجەم قەرزەكان گەیشتوونەتە 1 ملیار و 274 ملیۆن و 425 هەزار دینار، گۆمەشینی هۆشداری دەدات ئەگەر تاوەكو كۆتایی ساڵ ئەو كەناڵانە مۆڵەت نوێنەکەنەوە و قەرزەكانیان نەدەنەوە، جگە لە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەكانیان، پەخشەكانیشیان رادەگیرێ و بۆشیان نییە جارێكی دیكە بەو ناوە مۆڵەت وەربگرنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری جەختی لەوەش كردەوە کە پێشتر چەندجارێك كەناڵەكانیان لە دانەوەی ئەو قەرزانە ئاگاداركردووەتەوە، بەڵام وەڵامیان نەداونەتەوە. گوتیشی: "ئەمە وەك دوا ئاگادارکردنەوە بڵاودەكەینەوە، ئەگەر بەدەنگمانەوە نەیەن دەست بە كاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەكانیان دەكەین".
مۆڵەتی دامەزراندنی كەناڵێكی ئاسمانی بۆ یەكەمجار 40 ملیۆن دینارە، لەكاتی نوێكرنەوەی مۆڵەتەکەش ساڵانە 5 ملیۆن دیناری لێوەردەگیرێ، مۆڵەتی دانانی تەلەڤزیۆنێکی نێوخۆیی ئەگەر لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بێت 20 ملیۆن دینارە، ئەگەر لەسەر ئاستی تەنیا یەك پارێزگاش بێت 3 ملیۆن دینارە، بەهەمانشێوە ساڵانە لەكاتی نوێكردنەوەی مۆڵەتەکەیان چارەكی ئەو پارەیەیان لێوەردەگیرێت.
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 300 كەناڵی تەلەڤیزیۆنی و رادیۆیی مۆڵەتی كاركردنیان هەیە، لەو ژمارەیە 127 یان تەلەڤزیۆنن، 93 لەوان تەلەڤزیۆنی نێوخۆیی و 34 یشیان ئاسمانین.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ