رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند تۆمەتباری کوشتنی هاووڵاتییەکەی قەزای کۆیە دەستگیرکرا، کە گەنجێکی تەمەن 22 ساڵە.
شەوی رابردوو 9-11-2024 لە گەڕەکی زانست لە قەزای کۆیە، ''بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی'' هاونیشتمانییەک بە ناوی سەڵاح سەید عەوڵا لە رووداوێکی تەقەکردن دا کوژرا.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەمڕۆ رایگەیاند، دوای رووداوەکە "دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکان دەستیپێکرد، لە ماوەیەکی کەمدا تۆمەتباری رووداوەکە بە ناوی (م. ج. ع.) تەمەن 22 ساڵ دەستگیرکرا."
دەزگای ئاسایش هەروەها دەڵێ "پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە دادگەی لێکۆڵینەوەی کۆیە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن."
سەڵاح سەید عەوڵڵا تەمەنی 74 ساڵ بوو، شەوی رابردوو تەقە لە ماڵەکەی کرا و بە گوتەی تەندروستیی کۆیە بۆ رووداو، شەش بۆ حەوت گولـلەی بەرکەوتووە و ماڵەکەیشی ئاگری گرتووە.
کوژراو کاری فرۆشتنی قوماشی کردووە و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، لەگەڵ بکوژەکەی ناسیاوی یەکدی بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ