رووداو دیجیتاڵ
کرێكارێک لە شاری سلێمانی لە کاتی کارکردندا لە باڵەخانەی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون کەوتەخوارەوە و دوای چەند کاژێرێک مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کرێکارەکە تەمەنی 16 ساڵ و سووریایی بووە. هاووڵاتی لەو تەمەنەدا نابێت کرێکاری لە باڵەخانەدا بکات."
رووداوەکە نزیک کاژێر 07:00ـی ئێوارەی دوێنی روویداوە و کرێکارەکە دوای چەند کاژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 18 کرێکار لە هەرێمی کوردستان لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئاماری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ساڵی رابردوو 73 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستدابوو.
بەگوێری ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بۆ رووداو، ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکاران لە شەش ساڵی رابردوودا بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
- ساڵی 2022: 41 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2021: 37 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2020: 35 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2019: 38 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2018: 25 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2017: 16 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2016: 62 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ