ژووری ئۆپەراسیۆنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان: 16 بۆ 20ی مانگ سەرژمێریی راستەقینە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی ژووری ئۆپەراسیۆنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژانی 16 بۆ 20ی ئەم مانگە سەرژمێریی راستەقینە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت، پێویستە دانیشتووانی کەرکووک بۆ ئەو رۆژانە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، رۆژانی 20 و 21یش تەنها پێداچوونەوە بە داتا و زانیارییەکان دەکرێت.
رۆژی 09-11-2024 شوان جەبار، یاریدەدەری سەرۆکی ژووری ئۆپەراسیۆنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00، کە لە ستۆدیۆکانی سلێمانی ئارێز خالید پێشکێشی دەکات، گوتی، "هەفتەی پێشوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا کۆمەڵێک گەرەنتی لەبارەی سەرژمێری دراوە بە کورد، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ سەرژمێرییە، بەڵام کێشەی لەسەر کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان هەبووە."
بە گوتەی یاریدەدەری سەرۆکی ژووری ئۆپەراسیۆنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان، سەرژمێری نیگەرانیی تورکمانی لێکەوتووەتەوە و ئاوارەکانی شنگال و نەینەوا و حەویجەش بەشێکی دیکە بوون لە نیگەرانییەکان، بۆیە داواکرا لەسەر ناوچەی نیشتەجێبوونی خۆیان تۆمار بکرێن، بۆ ئەمەش گەرەنتی دراوە بە کورد.
شوان جەبار دەڵێت، دەبێت خەڵکی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان پێش رۆژی 16ی ئەم مانگە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، چونکە سەرژمێریی راستەقینە و تۆمارکردنی داتاکان لەلایەن بژمێرەکانەوە لە رۆژانی (16، 17، 18 و 19)ی ئەم مانگە دەبێت، رۆژانی 20 و 21ی مانگیش کە قەدەخەی هاتووچۆیە، پێداچوونەوە (چێککردنەوە) بە داتاکاندا دەکرێت، ئەگەر کەسێک لەو چەند رۆژەدا گیانی لەدەستدابێت، یان منداڵێک لەدایکبووبێت داتاکەی لەکاتی پێداچوونەوەدا تۆمار دەکرێت.
شوان جەبار باسی لەوەش کرد، رۆژانی 16 تاوەکو 19ی ئەم مانگە، بژمێرەکان کە سەردانی ماڵان دەکەن، فۆڕمی خێزان پڕدەکەنەوە و پێناسی ئەندامانی خێزان وەردەگیرێت و داتاکانیان تۆمار دەکرێت، هەر بژمێرێک داتای 120 ماڵ تۆمار دەکات، دواتر لە رۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگەدا، جارێکی دیکە بژمێرەکان سەردانی ماڵەکان دەکەنەوە و پێداچوونەوە بە داتاکاندا دەکەن.
بە گوتەی شوان جەبار، "رۆژی 21ی ئەم مانگە کاژێر 12:00ی شەو سیستمی تۆماری سەرژمێری رادەوەستێت و لە 22ی ئەم مانگەدا چیدی هیچ داتا و زانیارییەکی خێزانەکان تۆمار ناکرێت."
داواشی لە ئەندامانی خێزانەکان کرد "لە رۆژانی 16ی ئەم مانگەدا، کە تیمەکان سەردانیان دەکەن، هاوکاریان بن بۆ تۆمارکردنی داتا و زانیارییەکان و رۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگەش کە قەدەخەی هاتووچۆیە و تیمەکانیان پێداچوونەوە بە داتاکاندا دەکەن، لە ماڵەوە بمێننەوە و بۆ گەشت و گەڕان نەچنە دەرەوە، چونکە رۆژانی قەدەخەی هاتووچۆ بۆ چوونە نێو باخ و گەڕان نییە."
"پزیشکی ددان و ئەندازیاری شارستانی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە"
لەبارەی پڕکردنەوەی فۆڕمی کارمەندانی گرێبەستی سەرژمێری، شوان جەبار گوتی، "تائێستا 60758 کەس ناویان تۆمار کردووە، لە کاتێکدا پێویستمان بە 17 هەزار بژمێرە، نزیکەی 39 هەزار کەسیان مێ و 21 هەزار کەسیشیان نێرن. ئەوانەی فۆرمیان پڕکردووەتەو بەم شێوە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشبوون: سلێمانی 25106، دهۆک 16787، هەولێر 18865 کەسن، کە خەڵکی تێدایە بڕوانامەی پزیشکیی ددانی هەیە، بڕوانامەی ئەندازیاری و بەشە جیاوازەکانی زانکۆیشی تێدایە."
لەبارەی دیارکردنی کارمەندانی سەرژمێری بە شێوەی گرێبەست، شوان جەبار دەڵێت، "چەند پێوەرێکمان داناوە، کە بریتین لەوەی، تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 45 ساڵ بێت، بەڵێننامە پڕبکاتەوە کە لە هیچ شوێنێکی فەرمی دانەمەزرابێت، لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی فۆڕمی پڕکردبێتەوە، دەبێت پابەند بێت بە کارکردنی تیمەکانی سەرژمێرییەوە، لە بارەی شێوازی دەستنیشانکردنی کارمەندەکانیشەوە دەڵێت، یەکێک لەو میکانیزمانەی دەمانەوێت بەکاریبهێنین بۆ دەستنیشانکردنی ئەو 17 کەسە پێویستە کارمان لەگەڵ بکەن تیروپشکە."