لە کرماشان پێنج کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە چەک دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەست بەسەر 40 چەکی نایاسایی و قاچاخ لە جۆری دەمانچەدا گیرا و پێنج کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی قاچاخچێتی چەک دەستگیرکران.
 
رۆژی پێنجشەممە، 09-11-2023، حەمیدرەزا کەریمی، داواکاری گشتیی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، دوای چاودێری و بەدواداچوونی ورد لە لایەن هێزەکانی پۆلیس و ئیتڵاعاتەوە، باندێکی بەقاچاخبردنی چەک لە سنووری پارێزگای کرماشان ئاشکراکرا و لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەشێک لە ئەندامانی باندەکە دەستگیرکران، بەهۆیەوە باندەکە هەڵوەشێنرایەوە.
 
حەمیدرەزا کەریمی گوتی، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر 40 دەمانچە و هەزار فیشەکدا گیرا و پێنج کەس لە ئەندامانی باندەکە دەستگیرکران، هەروەها دەست بەسەر دوو ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارانیشدا گیرا.
 
پارێزگای کرماشان، یەکێک لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە 371 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە. بەپێی دوایین سەرژمێری فەرمیی ئێران کە لە ساڵی 2016 کراوە، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە.
 
بەگوتەی داواکاری گشتیی پارێزگای کرماشان، قاچاخچییەکان ویستوویانە ئەو چەکانە بگوازنەوە دوو پارێزگای دیکە لە ناوەندیی ئێران، بەڵام ناوی ئەو دوو پارێزگایەی ئاشکرا نەکرد.
 
کەریمی گوتیشی، "پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران کرایەوە و دوای لێکۆڵینەوەی سەرەتایی بڕیاری گرتنیان بۆ دەرکرا و پێنج تۆمەتبارەکە رەوانەی زیندان کران."