رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە دەڵێت، لە 48 کاژێری رابردوودا دوو سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژران. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش باس لەوە دەکات، دوو گەریلا لە ناوچەی خواکوڕک لە هەرێمی کوردستان لە هێرشێکی ئاسمانییدا گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە کە ئەمڕۆ هەینی، 10ـی تشرینی دووەمی 2023 بڵاوکراوەتەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە رۆژانی 8-9ی مانگدا لە ناوچەکانی زاپ و مەتین لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە و لە ئەنجامدا دوو سەرباز کوژراون.
بڵاوکردنەوەی ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، رۆژی 8ـی مانگیش وەزارەتی بەرگریی تورکیا گوتی، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی گەریلاکانی پەکەکەیان لە ناوچەی خواکوڕک لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج و دوو گەریلا گیانیان لەدەستداوە.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 760 گەریلا و کوژرانی 111 سەربازی سوپای وڵاتەکەی لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنە راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 57 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 392 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ