رووداو دیجیتاڵ
بەشی کۆنتڕۆڵی تاقیکردنەوەکانی پەروەردەی کەرکووک بە نووسراوی فەرمی قوتابخانەکانی ئاگاداردەکاتەوە کە 10 پیتی کوردی لەتۆماری ناوی قوتابییان نەنووسرێن، لەجیاتی وشە کوردییەکان داوا لەقوتابخانەکان دەکرێت، وشەی عەرەبی بەکاربهێندرێت و بە زمانی عەرەبی لە تۆماری تاقیکردنەوەکان بنووسرێن. بەڵام رۆژێکی بەسەریەوە ناچێت، پەروەردەی کەرکووک بڕیارەکە هەڵدەوەشێنێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 9-11-2023 ناوەندى پشکنینى خوێندنى سەرەتایی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەى کەرکووک نووسراوێکی ئاراستەى قوتابخانە سەرەتاییەکانى ئەو شارە کرد و ئاماژەى بەوە داوە، بەم نزیکانە دەفتەرى ئەلیکترۆنى بۆ ساڵى خوێندنى 2023-2024 بڵاودەکەنەوە و بۆ ئەو مەبەستە چەند رێنوێنییەکی بۆ تۆمارکردنى ناوى قوتابییانى قۆناخى سەرەتایی ئاراستەکردوون کە جێبەجێى بکەن.
یەکێک لە رێنوێنییەکان ئەوە بوو کە پیتەکانى (پ، ژ، ڤ، چ، گ، ۆ، ڵ، ێ، ڕ، ک) بەکارنەهێنن لە کاتى نووسینی ناوی قوتابییەکاندا و لەبری ئەوە پیتە هاوتاکانى لە زمانى عەرەبیدا بنووسرێت.
دیار حامید، بەڕێوەبەری قوتابخانەی فێنکی سەرەتایی لە کەرکووک دەڵێت، "قوتابییانی پۆلی شەش کە تاقیکردنەوەکانیان ویزارین، ساڵانە کاتێک ناوەکانیان دەنێرین، گرفتی ئەوەیان هەیە و بە عەرەبی بۆمان دێتەوە، هیچ کات کیبۆردی کوردی بەکار ناهێنن. رازی نابن ناوەکان بەکوردی بنێرین."
مامۆستایان و قوتابخانە کوردییەکان لەو هەوڵەی پەروەردەی کەرکووک ناڕازین. سەرۆکی لقی کەرکووکی مامۆستایان دەڵێت، بەو هۆیەوە ناوە کوردییەکانی منداڵان دەشێوێن.
کەمال شەریف، سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتیی مامۆستایان دەڵێت، "ئەمە لادانە لە یاسا و نابێت قبووڵ بکرێت، دەبێت خوێندنی کوردی و عەرەبی هەوڵدەن بۆ چارەسەرکردنی. دەتوانن لە کۆمپیوتەرەکانیان فۆنتی کوردی هەبێت، بۆئەوەی ئەم کێشانە دووبارە نەبنەوە و شۆڤێنییەکان نەیقۆزنەوە."
لەساتی بەدواداچونەکەی رووداو نوێنەرێکی کورد لە لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق هۆشداریدایە وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی کەرکووک بەوەی ئەو نوسراوە پێشێلی دەستوری عێراقە.
سەباح حەبیب، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "دوای ئەوەی ئێمە پەیوەندیمان کرد، دەڵێن، لەکۆنتڕۆڵی تاقیکردنەوەکان لەبەغداوە ئەم رێنماییانە دەردەچن. گوایە هەندێ پیتی کوردی بەو بیانووەی فۆنتی کوردییان نییە و کێشەی تەکنیکییان بۆ دروست دەکات لەکاتی تاقیکردنەوەکان لاببرێن و پیتی عەرەبی دابنرێن. ئەمە یاسایی نییە، چونکە زمانی کوردی فەرمییە."
هەر لەساتی بەدواداچونەکەی رووداو و کاردانەوەکانی لەسەر ئەو پرسە، وێڕای نەبوونی دەوام و پشووی هەینی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کەرکووک بە نوسراوێکی دیکە بڵاویکردەوە بەکارهێنانی ئەو پیتانە کێشەی نییە.
دوای ئەوە، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی گشتیی کەرکووک لە نووسراوێکدا رایگەیاند، دوای پەیوەندیکردن بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، بڕیاریانداوە بەرنامەی پڕۆژەی تۆماری ئەلیکترۆنی بۆ قۆناخی سەرەتایی نوێ بکەنەوە و پیتەکانی (ژ، پ، ڤ، چ، گ، ۆ، ڵ، ێ، ڕ، ک) زیاد بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ