بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 پلەی رێختەر پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند

رووداو دیجیتاڵ 

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 پلەی رێختەر باشووری پارێزگای ئیلامی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەژاند و لە چەند شارێکی پارێزگای لوڕستانیش هەستی پێکرا.
 
رۆژی هەینی، 10ـی تشرینی دووەمی 2023، کاژێر 07:00ی ئێوارە بە کاتی رۆژهەڵاتی کوردستان، (6:30ی ئێوارە بە کاتی هەولێر)، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 پلەی رێختەر سنووری شاری مورموری پارێزگای ئیلامی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەژاند.
 
بوومەلەرزەکە لە بەشێکی زۆری پارێزگای لوڕستانیش هەستی پێکرا. 
 
لەدوای روودانی بوومەلەرزەکە خەڵکێکی زۆر ماڵەکانیان جێهێشت و چوونە سەر شەقامەکان.
 
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی پارێزگاکە هیچ لێدوانێکیان نەداوە و هیچ ئامارێک لەبارەی زیانەکانی ئەو بوومەلەرزەیە نەخراوەتەڕوو.
 
هەر ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.3 پلەی رێختەر دەوروبەری شاری قومی ئێرانی هەژاند.
 
موحسین ئوروجی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای قوم رایگەیاند، بوومەلەرزەکە کاژێر 17:17 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی (کاژێر 16:47 خولەک بە کاتی هەولێر) لە شەش کیلۆمەتری قووڵایی زەوی روویداوە. 
 
موحسین ئوروجی گوتی، ناوەندی بوومەلەرزەکە شارۆچکەی سەلەفچگان لە دووری 40 کیلۆمەتر لە شاری قوم بووە. سەلەفچەگان شارۆچکەیەک و 40 گوند لەخۆ دەگرێت و زیاتر لە 15 هەزار کەس دانیشتووی هەیە.