پاپای ڤاتیکان بۆ سەرۆک عەشیرەتێکی کورد: سڵاوم بگەیێنە بە گەلی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆک عەشیرەتێکی کورد سەردانی پاپای ڤاتیکان دەکات و دەڵێت، دوو دیاری بە پاپا بەخشیوە و سڵاوی گەلی کوردی پێگەیاندووە، پاپاش لە بەرامبەردا جگە لە بەخشینی دیارییەک، پێیگوتووە سڵاوی بگەیێنێتە گەلی کوردستان.
 
سەعد شمیدن ئاغا سلیڤانەیی، سەرۆکی عەشیرەتی سلیڤانەیی بە رووداوی راگەیاند، دوو ساڵ لەمەوبەر لە رێگەی باڵیۆزی ڤاتیکان لە بەغدا، داوای دیداری پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکانی کردووە، 20 رۆژ لەمەوبەر لەلایەن ڤاتیکانەوە ئاگادار کراونەتەوە کە داواکەی قبوڵکراوە.
 
سەعد شمیدن ئاغا سلیڤانەیی گوتی، رۆژی 8ـی ئەم مانگە لە ڤاتیکان بەشداریی کۆبوونەوەیەکی پاپای ڤاتیکانی کردووە و لە نزیکەوە چاوی بە پاپای ڤاتیکان کەوتووە و قسەی لەگەڵ کردووە، دوو دیاریشی پێ بەخشیوە.
 
سەبارەت بە دیارییەکان، سەعد شمیدن ئاغا سلیڤانەیی گوتی، "دیارییەکان بریتی بوون لە تابلۆیەک، کە باس لە پێکەوەژیانی ئاینی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە زاخۆ دەکات، هەروەها دیاری دووەمیش بەڵگەفیلمێکی دەرهێنەری کورد سەید محەممەد سەید عەبدوڵڵا بارزانی بوو بە ناوی (خاکی پیرۆز) کە ئەویش باس لە پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان دەکات".

 

سەرۆکی عەشیرەتی سلیڤانەیی باسی لەوەکرد، کە سڵاوی گەلی کوردستانی بە پاپای ڤاتیکان گەیاندووە، پاپاش جگە لەوەی دیارییەکی رەمزی پێبەخشیوە، پێیگوتووە، سڵاوی ئەو بگەیێنێتە گەلی کوردستان.
 

رۆژی یەکشەممە، 7-3-2021، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بۆ یەکەمجار سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
 
پاپای ڤاتیکان لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە هەولێر گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی، "سوپاس و ستایشی تایبەت لە قووڵایی دڵمەوە بۆ دانیشتووانی کوردی خۆشەویست".
 
هەروەها پاپای ڤاتیکان سوپاس حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی مەدەنیی کرد لە بەرامبەر "رۆڵی کارای، کە زۆر دەوڵەمەندە"، گوتیشی "سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوکاربوون بۆ سەرخستنی ئەم سەردانە و هەروەها بۆ خۆبەخشەکان".