دڵشاد شەهاب لەبارەی کۆبوونەوەکانی سوودانی: باسی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرا

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی ئاسایی بوو تاوتوێی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و باسی شایستە داراییەکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کرا. 
 
رۆژی هەینی، 10ـی تشرینی دووەمی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەکەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گفتوگۆکراوە لەبارەی ئەو بارودۆخەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پێدا دەڕوات، هەریەکە لە سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوڕابوون کە دەبێت عێراق لەو گرژییانە بپارێزرێت. 
 
بە گوتەی دڵشاد شەهاب، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکراوە لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی هەڵبژاردن و هاوئاهەنگی نێوان هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.
 
ئەمانەش لەدوای ئەوەدێن، کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، شەوی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2023، لە هەولێر کرا. 
 
سوودانی شەوی رابردوو گەیشتە فڕۆکەخانەی هەولێر و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێ کرا و دواتر لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کۆبووەوە.
 
سەردانەکەی سوودانی بۆ هەولێر لەدوای ئەوە دێت کە رۆژی دووشەممە، 06-11-2023، سەرۆکوەزیرانى عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانى پایتەختی ئێران و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە باسیان لە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵاتەکە و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتیش شەڕی ئیسرائیل و هێزە چەکدارەکانی غەززە کرد.