جووتیارانی مەخموور چاوەڕێی عێراقن بۆ وەرگرتنی بنەتۆو

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرانی کشتوکاڵی مەخموور، گوێڕ، دیبەگە و قەراجە لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و لایەنە ئەمنییەکان لە موسڵ کۆبوونەوە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی جووتیارانی کوردی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
 
کۆبوونەوەکە سێ کاژێر بەردەوام بوو، بڕیار درا راسپاردەکانی ئەو کۆبوونەوەیە بۆ وەزیری کشتوکاڵی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرزبکرێتەوە. 
 
سەلمان شێخانی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مەخموور لەبارەی کۆبوونەوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کێشەکان لەوەدا سەرچاوەیان گرتووە، یەکەم بازگەی نێوان مەخموور و هەولێر، کە کێشە دروست دەکات بۆ هێنانی بنەتۆو و پەینی کیمیایی بۆ جووتیاران، دووەمیش، پلانی کشتوکاڵی بوو کە کێشەیەکی سەرەکییە لەو ناوچەیە، راسپاردەکانی ئێمەیان نووسییەوە بە ئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار و لایەنی ئەمنی."
 
سەرەڕای رێگریکردن لە هاوردەکردنی پەیین و بنەتۆو، جووتیارانی دەشتی کەندێناوە سەرقاڵی تۆوکردنی زەوییەکانیانن، ئەوان چاوەڕوانی بڕیارێکی دڵخۆشکەر بوون لە کۆبوونەوەکە، بەڵام هەواڵە خۆشەکە نەگەیشت. جگە لەوەی وەکو جووتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق یارمەتییە کشتوکاڵییەکانیان پێنادرێت، دەترسن بەرهەمەکانیشیان لە وەرزی دوورینەوە لێوەرنەگیرێت. 
 
خدر شەلماش، جووتیارێکە لە ناوچەکە و باسی دۆخی خۆیان دەکات، دەڵێت، "نە لیترێک گازمان دەدەنێ، نە هیچ کام لە حکومەتەکان گوتوویانە بنەتۆوتان دەدەینێ، دەڵێن ئێوە هەر ناوتان نییە، ئێوە [سەر بە ناوچەکانی] مادەی 140ن." ناوچەکانی مادەی 140 ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. 
 
ئەو جووتیارە دەشڵێت، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ پێی گوتوون کە بە بڕیاری حکومەتی موسڵ ئەم ساڵ پلانی کشتوکاڵی بۆ هەموو جووتیارانی مەخموور، دیبەگە و قەراج ناکرێت. "ئەی باشە ئێمە بۆ کوێ بچین؟ چارەسەرێکمان بکەن. بەڕاستی حکومەتی عێراق تەلەڤزیۆنیان نییە؟ مۆبایلیان نییە؟ ئەو خەڵکە نابینن چی دەکات بۆ کیمیایی؟ واتە کیمیایی شتێکی ئەوەندە مەمنوعە؟ ئەوەندە خراپە؟ بۆچی لە مەخموور تێدەپەڕیت، هەمووی مەسموحە؟ بەس تەنیا لە ناوچەی 140ـە ئەگینا لە هیچ جێگەیەک قەدەخە نییە." 
 
لە مەخموور، دیبەگە، قەراج و گوێڕ زیاتر لە 5800 جووتیار چاوەڕوانی پەسندکردنی ئەو راسپاردانەن کە لە کۆبوونەوەی شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ وەزیرانی ناوخۆ و کشتوکاڵ بەرزکرایەوە بۆ کارئاسانی جووتیارانی کورد لە هاوردەکردنی پێداویستیی کشتوکاڵی و دانانیان لە پلانی کشتوکاڵیی نەینەوا.