لە مهاباد مانگرتنی گشتییە و حکومەت کارەبای لەسەر خەڵک بڕیوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتییە و حکومەت کارەبای لەسەر چەند گەڕەکێکی شارەکە بڕیوە، کە زیاتر خۆپێشاندانیان تێدا بەڕێوەدەچێت.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە شاری مهابادەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتوون، ئەمڕۆ لەو شارە مانگرتنی گشتییە، زۆربەی دووکان و بازاڕەکان داخراون و تەنیا هەندێک شوێنی وەکو نانەواخانەکان کراوەن.
 
هەروەها لە بەیانیی زووی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە کارەبای نێو شاری مهاباد بڕاوە. بە گوتەی دانیشتووانی مهاباد، دوای چەند کاژێر کارەبای بەشێک لە نێو شار چاککراوەتەوە، بەڵام گەڕەکەکانی گۆڕەپانی ئیستقلال، باخی شایەگان، پشت تەپ و گۆڕەپانی مەلا خەلیل هێشتا کارەبایان نییە. لە مهاباد زیاتر لەو گەڕەکانە خۆپێشاندان و ناڕەزایی بەڕێوەدەچن.
 
شەوی رابردوو تاوەکو نزیکەی بەرەبەیان لە مهاباد خۆپێشاندان و ناڕەزایی هەبوو. رۆژی چوارشەممە 09-11-2022 فایەق مام قادری، برینداری خۆپێشاندانەکانی مهاباد دوای 25 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی ورمێ گیانی لەدەستدا.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هێزەکانی ئیتڵاعات ویستوویانە رێگری بکەن لە دانەوەی تەرمی فایەق مام قادری بە کەسوکاری، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مهاباد چوونەتە بەردەم نەخۆشخانەکە و ناچاریان کردوون تەرمەکەیان بدەنەوە و شەوی رابردوو بەخاکیان سپارد.