ژمارەیەک شۆفێری بارهەڵگر لە زاخۆ دەڵێن پارەیان لای بەڵێندەرێکە و نایانداتەوە


رووداو دیجیتاڵ

زوهێر شۆفێری بارهەڵگرە و لە زاخۆ کار دەکات. دەڵێت، لە نێوەڕاستی ئەمساڵ بۆ ماوەی دوو مانگ کەلوپەلی بیناسازی بۆ بەڵێندرەرێک لە زووممار و رەبیعە گواستووەتەوە، بەڵام بەگوتەی خۆی، 36 ملیۆن دیناری لای بەڵێندەرەکەیە و بۆی ناگەڕێنێتەوە.
 
زوهێر موحسین، شۆفێری بارهەڵگر بە رووداوی گوت، "هەشت بۆ نۆ گەلابیشم بە کرێ گرت. چگل و بلۆک و بەرد و ئاسن و چیمەنتۆم بۆ بردووە. ئەمە سێ مانگ بۆ چوار مانگی بەسەردا تێدەپەڕێت و [هیچ پارەی بۆ نەگەڕاندووەتەوە]."
 
بەگوێرەی بەڵێندەر و ئەو شۆفێرانەی کە لەگەڵی کاریان کردووە، ئەو پڕۆژەیەی کە پارەی کرێکار و شۆفێرەکانی تێدا راگیراوە، دروستکردنی 880 خاڵی سەربازییە کە لە لایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پڕۆژەکە سێ مانگە کارەکانی راگیراوە، نەتوانراوە پارەی کرێکار و شۆفێرەکان بگەڕێندرێتەوە.
 
حەیران عابد، کاسبکار باسی لەوە کرد، "گوتیان پارەکە لەسەر سولفەی حکومەتە و هەر 10 بۆ 15 رۆژ جارێک پارەکە خەرج دەکرێت. گوتیان ئێوە بارەکە رابکێشن و ئێمە پارەکە دەدەین. هەفتەیەک ئیشمان کرد گوتیان هەفتەی دواتر، هەفتەیەکی دیکەیش کارمان کرد گوتیان هەفتەیەکی دیکە. مانگێک کارمان کرد دواتر گوتیان حکومەت [پارەکەی] نەدا."
 
بەڵێندەری پڕۆژەکە دەڵێت، بەدواداچوون بۆ خەرجیی ئەو شۆفێر و کرێکارانە دەکەن و دوای هەڵسەنگاندن، بڕیاری خەرجکردنی پارەکانیان بۆ دەدەن.
 
نێچیرڤان کەریم سۆفی، بەڵێندەری پڕۆژەکە دەڵێت، "پارەی سەرجەمی پڕۆژەکە لە سنووری پارێزگای دهۆک، پێنج بۆ شەش ملیار دینارە، بەڵام کەمتر لە 100 ملیۆن دینار پارەی خەڵکمان لایە."
 
تاوەکو ئێستا هیچ کرێکار و شۆفێرێک سکاڵای لەسەر پێنەدانەوەی پارەکەی تۆمار نەکردووە.
 
خدر محەممەد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دادی زاخۆ گوتی، "ئەگەر پارەکەیان بۆ نەگەڕێندرایەوە، [ئەوان دەتوانن] لە رێگەی دادگەی لێکۆڵینەوە داوای مافی خۆیان بکەن و دواتر دەچێتە دادگەی کەتن و دوای ئەوەش بابەتەکە دەچێتە دادگەی بەرایی و دواتر دێتە لای ئێمە و ئێمە مافی ئەوان وەردەگرینەوە."
 
بەگوێرەی ئەو کەسانەی کە لەگەڵ بەڵێندەرەکە کاریان کردووە، ژمارەیان زیاتر لە 10 کەسە و ماوەیەکە پارەکەیان راگیراوە.