دوو خۆپێشاندەری کەلار دوای دوو ساڵ لە سووتاندنی کابینەیەک بە چوار ساڵ زیندانی سزادەدرێن

10-11-2022
هونەر حەمید
دوو خۆپێشاندەرەکە تەمەنیان لەنێوان 16 و 19 ساڵیدایە
دوو خۆپێشاندەرەکە تەمەنیان لەنێوان 16 و 19 ساڵیدایە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گەنجێكی کەلار بەتۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپێشاندان و سووتاندنی کۆشکی پۆلیسی هاتووچۆ سێ رۆژە سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.
 
بەیان محەممەد، دایکی سابیر دەڵێت، کوڕەکەی "گوتوویەتی، 'دایە رۆشتووم هەندێک جلوبەرگ بکڕم ئیتر رۆشتوومەتە ناو خەڵک و ئەو شتەم بەسەر هاتووە'، کابینەکە خۆی گڕیگرتووە ئەویش دوو-سێ کارتۆنی خستووەتە ناو کابینەکەوە".
 
سابیر ئەحمەد، تەمەن 17 ساڵ، کرێکارە، لە رۆژی 22-08-2020 بەشداریی خۆپێشاندانی لە کەلار کرد لە 8ی ئەم مانگە دادگەی نەوجەوانانی گەرمیان سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.
 
گەنجێکی دیکەش بە ناوی عەبدوڵڵا هیوا لەسەر هەمان دۆسیەی خۆپێشاندان و بەتایبەت لەسەر سووتاندنی یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی نێو قایمقامیەتی قەزای کەلار سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.
 
هیوا فەتاح باوکی عەبدوڵڵایە و دەڵێت، کوڕەکەی زیان بە کەس ناگەیێنێت، کەس "هەیە بیری منداڵەکەی نەکات با بڕۆن کوڕی بەرپرسێک بگرن، بزانە بە دوو خولەک دەری دەکەن یان نا، یانی ئێمە لەبەر ئەوەی فەقیرین وامان لێدەکەن".
 
دادگەی نەجەوانانی گەرمیان بەپشت بەستن بە مادەی 342 کە تایبەتە بە سووتاندنی موڵک و ماڵی گشتی بڕیارەکەی دەرکردووە.
 
نیزامەدین عەزیز پارێزەرە و دەڵێت، "ئێمەش دەڵێین حکومەکە زۆرە، بەڵام دادگەی تاوان راستەوخۆ ئەم پەڕاوە دەنێرێت بۆ دادگەی پێداچوونەوە لەوێش بە هەمووی دەچێتەوە تەماشای دەکات ئەگەر زیاد بوو کەمی دەکات، ئەوان یەکلای دەکەنەوە".
 
ئێوارەی  22-08-2020 خۆپێشاندانێک بەهۆی کەمیی خزمەتگوزاری لە ناوبازاڕی کەلار بەڕێوەچوو، دواتر خۆپێشاندانەکە تووندوتیژی لێکەتەوە. قایمقامی قەزای کەلار ئەو زیانەی کە بەر باڵەخانەکەیان کەوتبوو بە 100 ملیۆن دینار دەخەمڵێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە